گەشتی عومرە دەستپێدەکاتەوە
03:26 - 13/07/2025
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
حەجو عومرەی هەرێم ڕایگەیاند: ڕۆژی چوارشەممە، گەشتەکانی عومڕە لە هەرێمی کوردستان دەست پێدەکەنەوە و ڕێنماییەکانی وەرزی عومڕەی ئەمساڵ ٢٠٢٥ -٢٠٢٦ بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٣ی تەمووزی ٢٠٢٥، دوای ئامادەکردنی پرۆژەیەک و پەسەندکردنی لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی پرۆسەی عومڕە لە هەرێمی کوردستان و خزمەتکردنی عومڕەکاران، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومڕە ڕێنمایی و مەرجەکانی ئەو کۆمپانیانەی ڕێک خستەوە تاوەکوو لە زووترین کاتدا گەشتەکانی عومڕە دەست پێبکەنەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومڕەی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و لە ڕاگەیەندراوێکدا داوا لە سەرجەم کۆمپانیاکانی حەج و عومڕە لە هەرێمی کوردستان دەکات، ئەوانەی بە فەرمی مۆڵەتی کارکردنیان هەیە لە ڕۆژی سێشەممەوە ڕێکەوتی ١٥\٧\٢٠٢٥ سەردانی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومڕە بکەن بە مەبەستی ئەنجامدانی گرێبەست و دوای ئەنجامدانی گرێبەست کۆمپانیاکان دەتوانن لە ڕۆژی ١٦\٧\٢٠٢٥ دەست بە گەشتی عومڕە بکەنەوە بە ڕێگەی وشکانی، هەروەها لە ڕۆژی هەینی ١٨\٧\٢٠٢٥ دەتوانن بە ڕێگەی ئاسمانی گەشتەکانیان دەست پێبکەنەوە.
هەروەها داوا لە کۆمپانیاکانی بەرنامەفرۆشی عومڕە دەکاتەوە کە ئەوانیش دەتوانن لە ڕۆژی سێشەممەوە ڕێکەوتی ١٥\٧\٢٠٢٥ سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومڕە بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی تەندەر و ئەنجامدانی گرێبەست و دەتوانن دوای تەواوکردنی مامەڵەکانیان لە ڕۆژی ١٦\٧\٢٠٢٥ دەست بە گەشتەکانی عومڕە بکەنەوە بە ڕێگەی وشکانی هەروەها لە ڕۆژی ١٨\٧\٢٠٢٥ دەتوانن بە ڕێگەی ئاسمانی لە ڕێگەی هەردوو فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانییەوە دەست بە گەشتەکان بە ڕێگەی ئاسمانی بکەنەوە.
هاوکات، بەڕێوەبەرایەتییەکە، داوا لە کۆمپانیاکانی حەج و عومڕە و کۆمپانیاکانی بەرنامەفرۆش دەکاتەوە کە تەواوی پێداویستییەکانی گرێبەست لەگەڵ خۆیان بهێنن، چونکە هیچ گرێبەستێک ئەنجام نادرێت ئەگەر پێداویستییەکان تەواو نەبن
حەج وعومڕەی هەرێم هاووڵاتییانیش ئاگادار دەکاتەوە، ئەوانەی خوازیارن گەشتی عومڕە ئەنجام بدەن لەکاتی چوونیان بۆ کۆمپانیاکانی گەشتی عومڕە داوای مۆڵەتی فەرمییان لێ بکەن و ئەگەر مۆڵەتیان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومڕە وەرنەگرتبوو بە هیچ شێوەیەک گەشتی لەگەڵدا نەکەن، هەر بۆ ئەم مەبەستەیش بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومڕە مۆڵەتی کارکردن بە شێوەی تابلۆی هەڵواسراو دەداتە هەموو ئەو کۆمپانیانەی کە گرێبەست دەکەن.