28 کوردستان

لەیلا زانا و بافڵ تاڵەبانی لە دەباشان کۆبوونەوە

08:56 - 12/07/2025

زەمەن پرێس: 
ئێوارەی ئەمڕۆ ژنە سیاسەتمەداری کورد لەیلا زانا، سەردانی مەزاری مام جەلال تاڵەبانی سەرۆککۆماری پێشووی عێراقی کرد، لە دەباشان، دواتر لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی کۆبوونەوە.
لەیلا زانا لەسەر مەزاری مام جەلال وتارێکی پێشکەش کرد و وتی: سەرەتا لە کەسایەتیی بەڕێز مام جەلالدا، هەموو ئەو پێشەنگانەی کە بۆ ئازادیی و ئاشتیی و ئارامیی و ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ کورد تێکۆشاون بەبیردەهێنمەوە، بۆ داهاتوو دڵنیام لەوەی کە کوڕانی بەڕێز مام جەلال، بە هەمان شێوە، هەوڵ و تێکۆشان دەکەن لە پێناو سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتیی.
وتیشی: ئێستاش بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانی و سەرانی تورکیا و سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان، بە یەنەکە و پەدەکەوە، بۆ بەجێگەیاندنی وەسییەتەکەی بەڕێز مام جەلال هەوڵ و کۆشش دەکەن، تا ئاشتیی مسۆگەر ببێت و ئەوەی ئێمە بینیمان نەوەکانمان نەیبینن.
هەروەها نووسینگەی ڕاگەیاندنی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، بڵاوی کردەوە، لە کۆبوونەوەی سەرۆکی یەنەکە و لەیلا زانادا، لەبارەی پڕۆسەی ئاشتییەوە بافڵ تاڵەبانی وتوویەتی: خۆشحاڵین ئەنجامی هەوڵەکانمان گەیشتوونەتە ئەم قۆناغە و جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە تەنیا بژاردە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە چارەسەرکردنی پرسی کوردە بە گفتوگۆ.
لای خۆیەوە، لەیلا زانا سوپاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە)ـی کرد، لە پای ئەو هەوڵ و کۆششانەی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا دەیدات و وتی: هەرگیز لە یادی ناکەین کە سەرۆک مام جەلال یەکەم سەرکردە بوو دەستی کرد بە چارەسەرکردنی ئەم پرسە مێژووییە و دڵخۆشم ئێستا بافڵ جەلال تاڵەبانیش لەسەر هەمان ڕێباز هەوڵەکانی بەردەوامە و شانازیی دەکەین بەو ڕۆڵە کاریگەرەی دەیگێڕێت لەم کاتە هەستیارەی ناوچەکە پێیدا تێپەڕدەبێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن