21 کوردستان

قوباد تاڵەبانی: هەرێم هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتنێك بۆ چارەسەری كێشەی مووچە

09:11 - 09/07/2025

زەمەن پرێس:
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران بە جیا لەگەڵ هەر یەكە لە ستیڤن بیتنەر، كونسوڵی گشتیی ئەمریكا و فواد خازر ئەلمەجالی، كونسوڵی گشتیی شانشینی ئوردن و هیتۆشی ئیشیزوكا، كونسوڵی نوێی ژاپۆن لە هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
لە هەر سێ كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی چوارشەمە بەڕێوەچوو، گفتوگۆكرا لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد و كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆك وەزیران بە ئاماژەدان بە ژیان و گوزەرانی مووچەخۆرانی هەرێم، روونیكردەوە بەدیلی رێككەوتن هەر رێككەوتنە و وتیشی، "هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتنێك بۆ چارەسەری هەمیشەیی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم". 
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكاندا ئاڵوگۆڕی بیروڕا كرا سەبارەت بە دۆخی گشتیی ناوچەكە و بە تایبەت پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا، قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە شەڕ و بارگرژییەكانی ئەم دوایانە، هیوای خواست كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنەكانی ناوچەكە هەوڵەكانیان چڕتربكەنەوە بە ئاراستەی هێوركردنەوەی بارگرژییەكان و سەقامگیرتركردنی ناوچەكە، چونكە دواجار سەقامگیری لە بەرژەوەندیی هەموو گەلانی ناوچەكەدایە و لە دۆخی ناسەقامگیریدا هەمووان زەرەرمەند دەبن.
سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە توركیاش، جێگری سەرۆك وەزیران جەختیكردەوە لەسەر پێویستیی پاڵپشتیكردن لە پڕۆسەكە و راشیگەیاند لە هەر شوێنێك پێویست بكات هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ هەر چەشنە هاوكاری و هەماهەنگییەك بۆ سەرخستنی پڕۆسەكە.
هاوكات بەبۆنەی كۆتاییهاتنی ئەركەكەی لە كوردستان، قوباد تاڵەبانی ماڵئاوایی كرد لە كونسوڵی گشتیی ئوردن و سوپاسیكرد كە لە ماوەی ئەركەكەیدا رۆڵی گرنگی بینی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان ئوردن و هەرێم لە بوارە جیاوازەكاندا و بەتایبەتیش لە بوارەكانی كشتوكاڵ و خوێندنی باڵادا و لە كۆبوونەوەی لەگەڵ كونسوڵی نوێی ژاپۆنیش، جێگری سەرۆك وەزیران لەگەڵ بەخێرهێنانی، سوپاسی هاوكارییەكانی حكومەتی ژاپۆنی كرد بۆ هەرێمی كوردستان و داوایكرد كاری زیاتربكرێت بۆ بەهێزتركردنی پەیوەندییەكان بە تایبەت لە بوارەكانی خوێندنی باڵا و پەرەپێدانی تواناكانی گەنجاندا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن