147 کوردستان

وێستگە نیوز: لە لایەن هێزێكی ئەمنیەوە پەیامنێرەكەمان رفێندرا

01:36 - 09/07/2025


‌زەمەن - هەولێر

دوای ئەوەی درەنگانی شەوی ڕابردوو لە رزگار کامیل، پەیامنێری وێستگەنیوز لە لایەن هێزێکی ئەمنییەوە رفێندرا، سیروان غەریب، سەرنوسەری وێستگەنیوز رایگەیاند، "رفاندنی پەیامنێری وێستگەنیوز لەکاتی رووماڵکردندا، پێشێلکارییەکی زەقی مافەکانی ڕۆژنامەنووسانە".

سەرنوسەری وێستگە نیوز لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە: ڕفاندنی پەیامنێری وێستگەنیوز ڕزگار کامیل لەکاتی ڕوماڵکردنی شەڕی نێوان عەشیرەت هەرکی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ؛ پێشێلکارییەکی زۆر زەقی مافەکانی ڕۆژنامەنووسانە، کە ڕووماڵکردن سەرەتاییترینیانە.

دووپاتیشی کردووەتەوە کە، ئێمە پیشەییانە و یاساییانە مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکان دەکەین ئەوانیش دور لەهەموو بنەمایەک دەمانڕفێنن و دەستگیرمان دەکەن.

سیروان غەریب دەڵێت: "رفاندنی کاکە ڕزگار کامیل دژی هەموو مافێکە کە بڕیاربوو بۆ ڕۆژنامەنوسانی دابین بکەن. تکایە ئازادی بکەن و چیتر سومعەی هەرێمەکەمان لای دنیا ناشرین مەکەن".

هەروەها سیروان غەریب ڕایگەیاند کە "هەر ئێستا دەستمان کردووە بە پەیوەندی چڕ لەگەڵ ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی ڕۆژنامەنووسان بۆ ئازادکردنی ڕزگار کامیل، ئەگەر تا ئێوارە ئازاد نەکرێت نامەیەک بۆ سەرجەم کونسوڵخانەکان و رێکخراوە جیهانییەکان دەنێرین. هاوپێچییش سەرجەم ڕڕووماڵەکانی ئەم پەیامنێرەی هاوپێچ دەکەین تاوەکو بزانن بێ لە ڕووماڵێکی پیشەیینانە هیچی تری نەکردووە تا وەک دەڵێن رووبەڕووی دادگای دەکەینەوە".

شەوی ڕابردوو لەو کاتەی شەڕی قورس لە نێوان هەردوولادا بەردەوامی هەبوو، رزگار کامیل، پەیامنێری وێستگەنیوز پیشەییانە ڕووماڵی ڕووداوەکەی دەکرد، بەڵام لەو کاتەوە ڕفێندراوە و تا پێشنیوەڕۆی ئەمرۆش، بێ سۆراغ بوو، بەڵام وێستگەنیوز زانیویەتی کە، ئێستا لە ئاسایشی بەردەڕەش دەستبەسەرە.

کەمێک لەمەوبەر، وێستگەنیوز پەیوەندیکرد بەئاسایشی بەردەشەوە و ئەوان پشتراستیان کردەوە کە ڕزگار کامیل'ـیان دەستبەسەر کردووە، وێستگەنیوز داوای کرد هۆکاری دەستگیرکردنی پەیامنێرەکەی بزانێت، بەڵام بەڕێوبەری ئاسایشی بەردەڕەش ئامادەنەبوو هۆکارەکەی باس بکات و بەڵکو تۆمەتی ئاڕاستەی دەزگاکە و پەیامنێرەکەی کرد، بەوەی ئاژاوەیان دروستکردووە و پشێوییان ناوەتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن