ئەنجامی کۆبوونەوەى لیژنە وەزارییەکەی بەغدا تایبەت بە مووچە راگەیەندرا
06:20 - 09/07/2025
زەمەن پرێس:
لیژنەی
وەزاریی تایبەت بە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و
حکومەتی فیدراڵی، ئەمڕۆ چوارشەممە، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لە بەغدا کرد و تێیدا
باسیان لە چوار تەوەری سەرەکی کرد کە گرنگترینیان پرسی هەناردەکردنی نەوت و
بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بوو.
کۆبوونەوەکە
بە سەرۆکایەتیی محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری
پلاندانانی عێراق بەڕێوەچوو. هەروەها هەریەک لە وەزیرانی خوێندنی باڵا،
ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، تەندروستی، پیشەسازی و کانزاکان و وەزیری دادی
عێراق بەشداربوون.
بەپێی
راگەیێندراوی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی ئەو دوو
رەشنووسەوە کراوە کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە
پێشکێشکرابوون. رەشنووسەکان چەند تەوەرێکی گرنگیان لەخۆگرتبوو، لەوانە:
- دۆسیەی
هەناردەکردنی نەوت و میکانیزمەکانی رێکخستنەوەی.
- قەبارەی
بەکاربردنی ناوخۆیی بەرهەمە نەوتییەکان.
- رادەستکردنی
پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتە نانەوتییەکان لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە.
- بەجێکردنی
مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
لە
کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، لیژنەکە جەختی لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆ
تەکنیکی و ئیدارییەکان کردووەتەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەری "خێرا و
دادپەروەرانە و واقیعیانە".
هەروەها
ئاماژەیان بەوەداوە کە ئامانج لەمە پاراستنی مافی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە،
هاوشێوەی هاوکارەکانیان لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق و لە چوارچێوەی یەکپارچەیی
سیاسەتی دارایی دەوڵەتدا.