دیما دوای ١١ ساڵ گەڕایەوە نێو خێزانەکەی
04:13 - 08/07/2025
زەمەن:-
کچێکی ئێزدی بەناوی "دیما ئەمین ساڵح" کە تەمەنی ٢٤ ساڵە، پاش چەند ساڵ لە چنگ تیرۆریستانی داعش ڕزگارکرا و لە کۆمەڵگەی شاریا لە پارێزگای دھۆک بەکەسوکاری شاد بووەوە.
ئەو کچەی کە ١١ ساڵ لەمەوبەر تەمەنی تەنیا ١٣ ساڵ بوو، لەلایەن تیررۆیستانی داعش ڕفێندرابوو، ئێستا لە تەمەنی ٢٤ ساڵییدا توانرا لە چنگ تیرۆریستانی داعش ڕزگار بکرێت و بگەڕێتەوە ناو کەسوکارەکەی خۆی.
دیما کە قۆناغی هەرزەکاریی دوور لە خێزانەکەی بەسەر بردووە، بە گەڕانەوەی بۆ نێو خێزانەکەی، دەرفەتێکی نوێی بۆ دەستپێکردنەوەی ژیان بەدەست ھێناوە.
کەسوکارەکەی ماوەی ١١ ساڵە چاوەڕوانیی گەڕانەوەی دیما بوون و هیوای بینینەوەی کچەکەیان لە دڵدا هەر بە زیندوویی مابووەوە تا ئەو کاتەی لە ٢٦ی حوزەیران هەردوولا بەیەکتر شادبوونەوە.
ئەو شەوە تاریکەی کە تیرۆریستەکان ھاتنە نێو گوندەکەیان لە قەزای شنگال، دیما لەگەڵ هەشت کەسی دیکەی خێزانەکەی ڕفێراندرابوون، تا ئێستاش باوکی و دوو برای دیما بێسەروشوێنن و خێزانەکەیان ھێشتا بە ھیوای گەڕانەوەیانن، بەڵام دایکی و خوشکێکی و دوو برای دیکەی ڕزگارکراون.
دیما خەڵکی گوندی کۆجۆیە (١٨ کیلۆمەتر لە باشووری قەزای شنگال ھەڵکەوتووە) ساڵی ٢٠١٤ گەورەترین کومەڵکوژیی لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە بەرامبەر دانیشتووانی ئەو گوندە کرا کە ژمارەیان ھەزار و ٧٤٠ کەس بوو، ٤٨٠ پیاویان کوشت و تا ئێستا چارەنووسی زیاتر لە ٥٠٠ کەسیان دیار نییە.
دیما ئەمین، باس لە ژیانی خۆی دەکات و دەڵێت: "دوای ئەوەی لە لایەن ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش ڕفێندرام، ماوەیەکی کەم لە عێراق ماینەوە و دواتر ئێمەیان گواستەوە بۆ شارەدێی بوکەمال (پارێزگای دێرەزوور - سووریا) لەسەر سنووری نێوان عێراق و سووریایە و لەوێ لە کەسوکارم دابڕام، ناخۆشترین ساتەکانی ژیانم لەوێ بەسەربرد، داعش زۆر بێویژدانە ڕەفتاریان لەگەڵدا دەکردم، ئەو ژیانەی تێیدا بووم زۆر ناخۆش بوو، ھەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکم بینی، ژیانیان وێران کردم، ھیچ هەواڵێکم لە چارەنووسی خێزانەکەم نەدەزانی، بەردەوام ترس لە دڵمدا بوو، ھەموو ئەوکاتەی ژیانم لە تاریکیدا بەسەر برد، ئێستاش من ھیچ لە چارەنووسی باوکم و ھەردوو براکانم نازانم".
دیما دەشڵێت: "من ھەرگیز تێناگەم، چۆن مرۆڤێک دەتوانێت بەرامبەرەکەی ئازار بدات، لە سرووشتی مندا نییە کە کەسێک ئازار بدەم، ئەمە شتێکە کە قەت نەمکردووە و ناتوانم بیکەم، نازانم چۆن داعش دەیانتوانی ئەو ھەموو کردەوە بێ ویژدانانەیان ئەنجام بدەن، چۆن لە دەستیان دەھات ئێمە ئازار بدەن بێ ئەوەی ئێمە ھیچ کاری خراپمان بەرامبەریان کردبێت، ئێمە تەنھا خەڵکی ئاسایی بووین کە لە گوندەکانی خۆماندا بە ئاشتی دەژیاین، هیوادارم تاوانباران و تیرۆریستان بە سزای خۆیان بگەن".
رۆژی سێی ئابی ٢٠١٤، تیرۆریستانی داعش ھێرشیان کردە سەر شنگال و جینۆسایدی ئێزدییەکانیان لە ناوچەکەی کرد. لەو ھێرشەدا تیرۆریستان زیاتر لە شەش ھەزار و ٥٠٠ ئافرەت و منداڵی ئێزدییان ڕفاند و زیاتر لە ٣٥٠ ھەزار کەسی دیکەش ئاوارەی کەمپەکانی ھەرێم بوون.