392 عیراق

بەڕێوەبەرێک بەتۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا

04:46 - 10/06/2025

زەمەن _ کەرکوک

 

 بە تۆمەتی ئەوەی كاری ساختەكاری كردووە و چەندین بریكارنامەی بە ناوی هاوڵاتینەوە رێكخستووە، بەڕێوەبەری دادنووسی ناحیەی زاب لە كەركوك دەستبەسەر كرا.

 

 ئەمڕۆ سێشەممە، ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاند: تیمێکی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی کەرکوک، کە سەردانی دادنووسی ناحیەی زابیان کردووە، توانیویانە ئەو فەرمانی دەستگیرکردنە دادوەرییە جێبەجێ بکەن کە لە دژی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکە دەرچووە، ئەوەش دوای ئەوەی گومانی گەندەڵی و سەرپێچی لەسەر بووە.

دەستەكە لە راگەیاندراوێكەدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە بەڕێوەبەری دادنووسی ناحیەی زاب تاوانی ساختەکاری و دەركردنی بریكارنامەی بە ناوی هاوڵاتیان كردووە، بۆیە دەستبەسەر كراوە و لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە کە لە وەزارەتی داد پێکهێنرابوو، بەدواداچوونی بۆ كارەكانی ئەو بەڕێوەبەرە كردووە و بڕیاری دوورخستنەوەی لە كارەكەی دراوە.

بە پێی راگەیاندراوی دەستەی دەستپاكی، بەڕێوەبەرەكە دەستكاری تۆماری ژمێریاریشی كردووە و بریكارنامەی تەزویری دروست كردووە، كە هەموو ئەو كارانە دەچنە خانەی گەندەڵی و نایاساییەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن