بەپەلە.. شاخەوان عەبدوڵا: کاتیەتی بایکۆتی بەغدا بکەین و بگەڕێینەوە بۆ کوردستان
09:10 - 29/05/2025
زەمەن - کوردستانى
شاخەوان عەبدوڵا جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ دوای گفتوگۆیەکی دوورو درێژ لەگەڵ خوشک و برایانم لە سەرۆکی فراکسیونە کوردستانییەکان لەبارەی بڕیاری نەناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ، بەسوپاسەوە وەکو هەمیشە بەیەک دەنگ کۆمەڵێک بڕیار درا ، وردەکارییەکەی لە بایاننامەک هەیە کە لێرە دایدەگرم.
شاخەوان عەبدوڵا دەڵێت، گرنگترینیان ئاراستە کردنی نوسراوێک بو بۆ سەرۆک وەزیران لەسەر ئەو پێشێلکارییانەی دەرهەق بەفەرمانبەرانی هەرێم دەکرێت و چوەتە خانەی برسی کردنەوە ، هەروەها داوامان کرد ئەو پێشێلکارییانە راگرێت و موچە رەوانە بکات و کێشەکان لە بنەرەتەوە چارەسەر بکرێت و چیتر موچە وەکو کارتی سیاسی بەکار نەهێنرێت لەدژی فەرمانبەران و موچە خۆرانی هەرێم، جگە لەوە داوامان لە بەرێز سەرۆک کۆمارو وەزیرەکانی کورد کردوە هەڵوێستی رونیان لەو بارەوە بخەنە روو ، هەروەها ئەوەمان رونکردەوە هەلوێستی دواترمان بەندە بەشێوازی وەڵامدانەوەی سەرۆک وەزیران بۆ ئەو داوایەی ئێمە.
هەروەها دەڵێت، لەکۆتاییدا لەسەر بابەتی کشانەوە یان بایکۆتی ئێمە لەبەغدا چەند جارێک داوامان کردوە ئەو بریارە بدرێت بەڵام هەمیشە بوار بەگفتوگۆ دەدرا و ئومێد وابو کێشەکان چارەسەر بیت ، بۆیە هەرکات بڕیاری بایکۆت یان پاشەکشە یان هەربڕیارێکی تر دەربچێت ئێمە بەتایبەتی خۆم لەماوەی یەک کاتژمێر جێ بەجێی دەکەم و پێشم وایە کاتێتی.
دەقى بەیاننامەی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق:
بە شۆکێكی زۆرو ئازارێكی سەختەوە، بڕیارەكەی ئەم دواییەی وەزارەتی دارایی فیدراڵیمان پێگەیشت، بە راگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لە مانگی ئایاری ئەمساڵەوە، كە لە كۆتاییەكەیدایەو لە سەروبەندی جەژنی قوربانی پیرۆزدا.
بە لە بەرچاوگرتنی ئەو دۆخە مرۆیی و هەلومەرجە سەختەی فەرمانبەرانی هەرێم پێیدا تێپەڕدەبن، كە گەیشتووتە ئاستی برسیكردن و دژایەتیكردنی قوتی رۆژانەیان، بەهۆی سیاسەتەکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، ئەم بڕیارە بە ئامانجگرتنی سیاسی و پێشێلکردنی دەستوری عێراقە، کە جەخت لەسەر زامنكردنی شكۆی هاوڵاتیان دەكاتەوە لە هەر بارودۆخێکدا بێت، پاڵپشت بە ئەحكامەنی مادەی (37/یەکەم/أ)، كە زیانگەیاندنی بە شكۆی هاوڵاتیان لە هەرێمی کوردستان تێپەڕاندووە،
بەهۆی ئەو سیاسەتە ستەمكارانەیەی وەزارەتی دارایی پیادەی دەكات، بە تایبەت سەبارەت بەو پرسانەی پەیوەستن بە هەرێم و، بەهەند وەرنەگرتنی ئەحكامەكانی مادەی (١٤)ی دەستور، کە زامنی مافی هاوڵاتیانی عێراقی كردووە لە یەکسانی و دادپەروەری بە شێوەیەكی هاوتا، لە سەرتاسەری وڵات.
ئێمە، لە سۆنگەی ویژدانی نیشتمانی و ئەرکی مرۆیی و بەرپرسیارێتی ئەخلاقیمان، ئەمڕۆ بە فەرمی داوامان لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵی کرد، بەپەلە دەستوەردان بکات، بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانى هەرێمی کوردستانی عێراق و، نە بەستنەوەی مافی هاوڵاتیان بە هیچ ناکۆکییەکی سیاسی و تەکنیکییەوە.
مووچە منەت نییە، بەڵکو شایستەیەکی دەستوری و مرۆییەو بە دەستورو یاسا بۆ خاوەنەكەی زامنكراوە، دواخستنی یان راگرتنی سزایەکی بەکۆمەڵە کە تەنها فەرمانبەر باجەكەی دەدات، هاوكات داوای چارەسەری ریشەیی و هەمیشەیشمان بۆ کێشەی مووچە کردووە.
بۆیە هەڵوێستی ئێمە وەک فراكسیۆنە کوردستانیەكان، بەندە بە وەڵامدانەوەی بەڕێز سەرۆکی حکومەتەوە، بۆ گرتنەبەری هەنگاوی تر کە هاوتەریبی قەبارەی نەهامەتیەكانی فەرمانبەران و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بێت، هەروەها فراكسیۆنە کوردستانیەكان داوا لە بەڕێز سەرۆک کۆمارو وەزیرە کوردەکان دەكات لە حکومەتی فیدراڵی، هەڵوێستی روون و راشكاوی خۆیان رابگەیەنن سەبارەت بەوەی دژی فەرمانبەران هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.