302 کوردستان

بەرپرسێکى پێشووى وەزارەتى دارایى عێراق دوو پێشنیاز بۆ چارەسەرى کێشەى مووچە دەکات

08:19 - 29/05/2025

زەمەن - کوردستانى

 

بەرپرسێکى باڵاى پێشووى وەزارەتى دارایى عێراق دەڵێت، دوو رێگەچارە لەبەردەمى کورددایە بۆ چارەسەرکردنى کێشەى مووچە، یان کشانەوەیە لە بەغدا یان تۆمارکردنى سکاڵایە لە دادگاى فیدراڵى عێراق.

 

فازڵ نەبی بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ راگرتن و نەناردنی مووچە رایگەیاند، دروستبوونی کێشەکە بەو قەبارە گەورەیە چاوەڕواننەکراو بوو، بەڵام نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی ژمارەیەک هەڵەی یاسایی تێدان کە ئێمە دەتوانین کەڵکیان لێ وەربگرین.

 

فازڵ نەبى دەڵێت، یاسای بودجە بۆ یەک ساڵ کاری پێدەکرێت، بەڵام ئەو هەڵەیەی کە لە نووسراوەکەدا هەیە، کاتی خۆی کە یاسای بودجە بۆ سێ ساڵ راگەیەندراوە، وەزیری دارایی وا بیر دەکاتەوە کە هەمووی یەک بودجەیە، لەکاتێکدا بودجەی هەر سێ ساڵ لە یەکدی جیان، بۆنموونە ئەگەر بودجەی ساڵی 2023 کێشەیەکی تێدا هەبێت، ناخرێتەوە سەر بودجەی ساڵی 2024 یان 2025، لەکاتێکدا بەگوێرەی بڕیارەکە، بابەتەکانی تایبەت بە هەر سێ ساڵ پێکەوە گرێداونەتەوە.


فازڵ نەبی دەڵێت، یاسای بودجە هەشت بەشە، بەشی یەکەم پێی دەگوترێت شایستەی فەرمانبەران (تەعویزات موەزەفین) کە بە هیچ شێوەیەک خەرجیی کردەیی نایگرێتەوە، بۆیە بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی، لە هەر دۆخێکدا پێویستە مووچە لە بەغداوە بنێردرێت، بە هیچ شێوەیەک مافی وەزارەتی دارایی نییە کە باس لە راگرتنی مووچە بکات.


فازڵ نەبی جەختی لەوە کردووەتەوە، نووسراوەکەی وەزیری دارایی عێراق سیاسییە و دژی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵییە. نابێت ناردنی مووچە بەهیچ شیوەیەک رابگیرێت. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن