55 کوردستان

حزبەکەی کاکە حەمە: با کارتی ئاو و ریفراندۆم بەرامبەر بەغدا بەکاربێنین

01:52 - 29/05/2025

زەمەن _ کوردستانی

 

 وتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەڵێت: کارتی ڕیفراندۆم و ئاو لە بەرامبەر بەغداد بەکاربهێنرێت.

 ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٩ی ئایاری ٢٠٢٥، فەرهاد تۆفیق، وتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لەبارەی نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: عێراق هەرجارەو بە بیانوویەک و بە میکانیزمێک و لەلایەکەوە زوڵم لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکات و هەرگیز یەک دەرفەتی لەدەستنەداوە بۆ لێدان لەبەرژەوەندییەکانی هەرێم و کەمکردنەوەی مافەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت بەرامبەر بەکورد.

دەشڵێت: “وتمان عێراقییەکان ڕەحمیان بە ئیمامی حسێن نەکرد کە باوکی حەزەتی عەلییەو دایکی کچی پێغەمبەرە(د.خ) نەکردووە، کورد چاوەڕێی چی دەکات لێیان!!”.
وتەبێژەکەی سۆسیالیست ئاماژەی بەوەشداوە، “ئەگەر بەڕاستی داتاکانی حکومەتی هەرێم بێکەموکورتین، حکومەتی هەرێم بۆچی بەردەوام داوا لەسەر حکومەتی فیدڕاڵی لەدادگای فیدراڵی تۆمارناکات”.

باس لەوەشدکات، “ئێمە بەردەوام وتوومانە عێراق هەرگیز وەک هاووڵاتی خۆی سەیری هاووڵاتییانی هەرێم و کورد ناکات و ڕەفتارو هەڵوێستەکانی عێراقی پێشتر و عێراقی نوێش ئەوەیان بەتەواوی سەلماندووە”.

دەشڵێت: “هەموو هەڵوێستەکانی عێراق و پێدانی موچەی بەردەوام و بێکێشە بە موچەخۆرانی خۆیی و بەردەوام دواخستنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم و بێباکی حکومەت بەرامبەر بەم پرسە، دەریدەخات حکومەتی عێراق موچەی موچەخۆرانی هەرێم وەک کارتی فشار دژی هەرێم بەکاردەهێنێت. هاوکات پێمان دەڵێت عێراق کورد بە هاووڵاتی خۆی نازانێت، ئەوە ئێمەین بەزۆر خۆمان بەعێراقەوە هەڵواسیوە”.

فەرهاد تۆفیق، وتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕاشیگەیاند، “گرنگە سەرکردایەتی کورد بڕیاری ورد و جدی بدات و کارتەکانی (ڕیفراندۆم، سەرچاوە ئاوییەکان، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دروستکردنی لۆبی و فشار، گرێبەستەنەوتیی و گازییەکان و دروستکردنی پاڵپشتی وڵاتانی زلهێز، ..) بەوریاییەوە بەکاربهێنێت”.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن