25وتار

زلەی ژنێک دەبێتە هەواڵ، هەزار زلەی سیاسی نا!!

5/27/2025 4:05:00 PM
غازی حەسەن

هیچ ڕووداوێکی سیاسی لە ڤێتنام و وڵاتەکانی ئاسیا کە بوونەتە سروشتی سیاسەتی وڵاتەکان ناکرێنە هەواڵ، بەڵام بۆ بەدبەختی (ئیمانوێل ماکرۆن)ی سەرۆکی فەرەنسا، "زلەی خانمی یەکەمی ئیلیزیا/ بریگیت ماکرۆن" دەبێتە گەرمترین و بەرفراوانترین هەواڵی سیاسی دەزگاکانی میدیا لەسەرتاسەری دونیا. لە کوردستانیش هەواڵەکە لەهەندێک شوێن وەکو شتێکی خۆش و خەمناکیش لەهەمان کاتدا بڵاوکرایەوە، لای هەندێکیش کراوەتە نووکتەیەکی سیاسی و بۆ خۆشکردنی هەواڵە سیاسییەکان و دەنگوباسە مردووە دووبارەکانیان بەکارهێنراوە. کورد گوتەنی "ماکرۆنیان کردۆتە مەزە".

دڵنیام دەیان هەواڵی گرنگی نێوەخۆیی فەرەنسی و هەروەها هەواڵی تایبەت بە خودی (ماکرۆن)یش هەیە ناکرێنە هەواڵ کە پەیوەندییان بە ڕووداوە گرنگ و چارەنووسسازەکانی نێوەدەوڵەتی و جەنگ و ململانێی دەوڵەتە مەزنەکان و کوشتن و زیندان و ماڵوێرانی وڵاتە هەژارەکانەوە هەیە.

ڕووداوەکە ئەوەیە "ماکرۆن لە ڤێتنامە، بەنیازە لە فڕۆکە دابەزێت و نازانێت کامیرا وێنەیان دەگرێت و خێزانەکەی لەناکاو (خانمی یەکەمی ئیلزیا) زلەیەکی تەڕی لێ دەدات و شەقە و تەقەی زلەکە هەموو دونیا دەیبینن. ئەویش هیچ کاردانەوەیەک نیشان نادات و وەکو کەسێکی وریا، کە دەبینێت وێنەی دەگیرێت، سڵاوێکی گەرم لە وێنەگرەکان دەکات و دەست بەهاتنە خوارەوە دەکات و خێزانیشی بەدوای ئەودا دێتە خوارەوە.. دواتر دەڵێت ئەمە هیچ نییە هەر تەنیا گالتەیەکی خێزانیی بوو، ئەمە جاروبار ڕوودەدات".

بە هەزاران و ڕەنگە ملیۆنان کەس ڕۆژانە لەسەرتاسەری دونیا زلەیان لێ بدرێت و ڕۆژانەش پیاوەکان بەر شەقی خێزانەکانیان بکەون و هیچ کەسێکیش و هیچ دەزگایەکی میدیایی نێوەخۆیی، یان جیهانی باسیان ناکات و ناشکرێنە مانشێت و هەواڵ، ڕەنگە لەم کوردستانەی خۆمان دەیان پیاوی چەوساوە هەبن لەلایەن ژنەکانیان نەک زلە، بەڵکو بەر شەقیش بدرێن، هەبێت لەبەر پشیلە و سەگە نازدارەکانیان دژ بەیەکتر تووندبن، کەچی ئەمەی (ماکرۆن) کراوەتە هەواڵێکی یەکجار گەرم و سەرتاسەری و وەکو مانشێتی یەکەم و سەرەکی دونیای بەخۆی مژوول کردووە.

ڕۆژانە دەوڵەتەکان دەیان زلەی سیاسی لەبنەگوێی یەکتر دەدەن، کەچی وەکوو ئەوەیە هیچ نەقەومابێت ناکرێنە هەواڵ، سەرکردە و کارەکتەرە سیاسییەکان ڕۆژانە پتر لە زلەیەکی تەڕ و گەرم و بەهێزی سیاسی و ئەخلاقی و ئابووری و کەلتووری لە بنەگوێی یەکتر دەدەن، کەسیش نایانکاتە هەواڵ. کەچی ئەمەی ئەم سەرۆکەی فەرەنسا دەبێتە یەکەمین و گەورەترین هەواڵ بۆ؟. چوونکە ئەمە پێگە و دەسەڵات و کەسایەتی کارەکتەرەکی نێو بابەتەکەیە ڕووداوەکەی کردۆتە هەواڵ، نەک خودی ڕووداوەکە.  

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن