بەپەلە.. داوا لە سودانى کرا بەپەلە دەستوەردان لە کێشەى مووچە بکات
08:31 - 29/05/2025
زەمەن - کوردستانى
فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق دواى کۆبوونەوەیان، راگەیەندراوێکیان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن، ئەم بڕیارە بە بەئامانجگرتنی سیاسی و پێشێلکردنی دەستووری عێراق دادەنرێت و داوامان لە سەرۆکوەزیران کردووە دەستوەردانی بەپەلە بکات بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و مافی هاووڵاتیان نەبەستێتەوە بە هیچ ناکۆکییەکی سیاسی و تەکنیکییەوە، "چونکە مووچە چاکە نییە، بەڵکو شایستەیەکی دەستووری و مرۆییە کە بە دەستوور و یاساکان بۆ خاوەنەکەی مسۆگەر کراوە".
لە راگەیەندراوى فراکسیۆنە کوردستانییەکاندا هاتووە، هەڵوێستی ئێمە وەک فراکسیۆنە کوردییەکان وابەستەی وەڵامدانەوەی سەرۆکی حکومەتە بۆ گرتنەبەری هەنگاوی جیدی کە لەگەڵ رادەی ئازارەکانی فەرمانبەران و هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستاندا بگونجێت.
هەروەها داوایان کردووە، سەرۆککۆمار و وەزیرە کوردەکان لە حکومەتی فیدراڵی، "هەڵوێستی روون و ئاشکرای خۆیان سەبارەت بەو پرسە بخەنەڕوو."
ئاماژەیان بەوەش داوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە مرۆییە و ئەو هەلومەرجەی کە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پێیدا تێدەپەڕن، دەردەکەوێت کە سیاسەتی وەزارەتی دارایی فیدراڵی گەیشتووەتە ئاستی برسیکردنیان، بۆیە رایدەگەیەنین کە ئەم بڕیارە بە بەئامانجگرتنی سیاسی و پێشێلکردنی دەستووری عێراق دادەنرێت.
دەشڵێن، دەستوور جەختی لەسەر گەرەنتیکردنی کەرامەتی هاووڵاتی کردووەتەوە، ئەگەر بارودۆخ بە هەرجۆرێک بێت، لەسەر بنەمای بڕگەکانی مادەی (37/یەکەم/ئـ)ی دەستوور، ئەم کردارانە زیانگەیاندنن بە کەرامەتی هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان و ئەو سیاسەتەی کە وەزارەتی دارایی پەیڕەوی کردووە، پێشێلکردنی بڕگەکانی مادەی 14ی دەستوورە، کە مافی هاووڵاتیانی بە یەکسانی لە هەموو بەشەکانی عێراقدا مسۆگەر کردووە.
لە بەشێکى دیکەى راگەیەندراوەکەدا هاتووە، داوای چارەسەری ریشەیی و هەمیشەیی بۆ کێشەی مووچە دەکەین. بەم پێیە هەڵوێستی ئێمە وەک فراکسیۆنە کوردییەکان وابەستەی وەڵامدانەوەی سەرۆکی حکومەتە بۆ گرتنەبەری هەنگاوی جیدی کە لەگەڵ رادەی ئازارەکانی فەرمانبەران و هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستاندا بگونجێت.