سەنتەرێکی شێلان (مەساج) بەهۆی گڵۆپی سورەوە داخرا
02:55 - 29/05/2025
زەمەن _ هەولێر
چاودێری تەندروستی هەولێر بڵاویکردەوە، سەنتەرێکی مەساجیان داخستووە، بەهۆی ئەوەی ئەو ئافرەتانەی کاریان تێداکردووە، هیچ مۆڵەتێکی تەندروستیان نەبووە و گڵۆپی سوور لە سەنتەرەکە داگیرسابوو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٩ی ئایاری ٢٠٢٥، د. ئیسماعیل شاهۆ، بەڕێوەبەری بەشی چاودێریی تەندروستی لە بەشی سەلامەتی خۆراک و کاروباری پاراستنی تەندروستیی هەولێر، ڕایگەیاند: بۆ جاری چوارەم سەنتەرێکی شێلانیان داخستووە "هەفتەی رابردوو بە سێ ملیۆن دینار پێ بژاردن سزامان دان، بەڵام بەردەوامن لە دووبارەکردنەوەی سەرپێچییەکان."
وتیشی: ، "ئەو ئافرەتانەی لەوێ کاریان دەکرد هیچ مەرجێکی تەندروستی و مۆڵەتیان نەبوو، گڵۆپی سوور لەنێو سەنتەرەکە هەڵکرابوو، کە پێچەوانەی رێنوێنییەکانە و قەدەغەیە، بۆیە ئەو سەنتەرەمان داخست."
هاوکات، د. ئیسماعیل شاهۆ، ئاماژەی بەوەشدا، "شوێنەکەی گونجاو نییە و لەناو ماڵاندایە و هەموو دراوسێکان سکاڵایان هەیە، بۆیە هەوڵدەدین بەیەکجاری مۆڵەتی لێ وەربگرینەوە و ئیدی نەکرێتەوە."
باسی لەوەشکرد، "ئەم ساڵ ٢٦ ئارایشتگا ١١ سەنتەری شێلان بەهۆی سەرپێچییەوە داخراون."