115 کوردستان

سروە محەمەد: پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا ماوە

01:35 - 29/05/2025

زەمەن:-

 

 ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاشکرایکرد، بەپێی یاسای دادگای فیدڕاڵی، هەتا پێکهێنانی حکومەت پشکی هەرێم لە بودجەدا ماوە، دەبێت هەتا پێکهێنانی حکومەتی نوێ، حکومەتی کاربەڕێکەر هاوشێوەی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٩ی ئایاری ٢٠٢٥، سروە محەمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق  ڕایگەیاند: وەزارەتی دارایی عێراق بە بیانوو دەیەوێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەنێرێت، چونکە بەگوێرەی دادگای فیدراڵی، تاوەکو پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو و خولی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران، دەبێت حکومەتی کاربەڕێکەر هاوشێوەی عێراق مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش بدات، چونکە لە ئەنجوومەنی نوێنەران، لە بودجەی سێ ساڵەی عێراقدا وەک "یەک پاکێج" دەنگدراوە لەسەر مووچە، بۆیە نابێت مووچە کێشەی بۆ دروستبکرێت.

باسی لەوەشکرد، لە ئەنجوومەنی نوێنەران هەر پرسێک لە بەرژەوەندیی عێراق بێت، پەرلەمانتاران دەڵێن، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی پابەندکەرە، بەڵام ئەوەی پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە هەبێت، پابەندکەر نییە.

سەبارەت بە چۆنییەتیی چارەسەرکردنی ئەم پرسە، سروە محەمەد وتی؛ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە نیازە دووبارە شاند بنێرێتە بەغداد. 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشدا لەسەر مووچەی مانگی ئایار، سروە محەمەد دەڵێت، بۆ مووچەی مانگی ئایار هەولێر لیستی بێکێشەی ناردووە بۆ بەغداد و داهاتی نانەوتیشیان رەوانە کردووە، هیچ بیانوویەک نەماوە بۆ دابەشکردنی مووچە، هاوکات دەپرسێت، "ئەگەر بیانوویان ئەوەیە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا نەماوە، ئەیچۆن پارە ماوە بۆ مووچەخۆرانی عێراق؟"، پێشیوایە لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە مانگانە بیانوو لەسەر بیانوو بۆ ناردنی مووچە دروستدەکرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن