کەسێک لە کەرکوک بەهۆى زۆرخواردنەوەى مەى گیانى لەدەستدا
08:17 - 08/05/2025
زەمەن - کوردستانى
لە کەرکوک هاووڵاتییەک لەکاتى خواردنەوەى مەى گیانى لەدەستدا، سەرچاوەیەک دەڵێت، ویستوویەتى 10 لیتر مەى بخواتەوە بەوهۆیەوە گیانى لەدەستداوە.
رووداوەکە شەوى رابردوو لە گەڕەکى تەپەى شارى کەرکوک روویداوە، کەسەکە بەساڵاچووبووە و ویستوویەتى 10 لیتر مەى بخواتەوە، بەڵام سەرەڕاى ئەوەى زۆرى خواردووەتەوە، مەیەکەش ساختە بووە و ژەهراوى بووە، بەوهۆیەوە تەندروستى تێکچووە و دواى گەیاندنى بە نەخۆشخانە گیانى لەدەستداوە.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسى کەرکوک رایگەیاند، هاووڵاتییەکە کریستیانە و هەموو رۆژێک مەى خواردووەتەوە، ئەو شەوە ویستوویەتى 10 لیتر مەى بخواتەوە، دواى ئەوەى چەند لیترێکى خواردووەتەوە، تەندروستى تێکچووە و چەند هاووڵاتییەک لەپاڵ دیوارێک بینیویانە کەوتووە و گەیاندوویانەتە نەخۆشخانە، بەڵام چەند خولەکێک لە نەخۆشخانە ماوەتەوە، راستەوخۆ گیانى لەدەستداوە.