لەمەودوا پەنابەرانی بەریتانیا دەبێت ١٠ ساڵ چاوەڕێی وەرگرتنی مافی مانەوە بکەن
01:45 - 08/05/2025
زەمەن:-
ڕۆژنامەیەکی بەڕیتانی ئاشکرایدەکات، کە حکومەتی بەریتانی سەرقاڵی داڕشتنی پلانێکە، کە وا لە پەنابەران دەکات، بۆ بەدەستهێنانی مافی مانەوە لە بەریتانیا 10 ساڵ چاوەڕوانی بکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٨ی ئایاری ٢٠٢٥، ڕۆژنامەی فاینەنشیەڵ تایمزی بەریتانی، لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاویکردووەتەوە، حکومەتی بەریتانیا، دەیەوێت بەهەموو شێوەیەک ژمارەی ئەو پەنابەران کەمبکاتەوە کە بەو ژمارە زۆرە روو لە بەریتانیا دەکەن، بۆ ئەمەش سەرقاڵی داڕشتنی پلانێکە، کە وا لە پەنابەران دەکات لەمەودوا ماوەی 10 ساڵ چاوەڕوان بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن داوابکەن مافی مانەوەکەیان لە بەریتانیادا بۆ بکرێت بە هەمیشەیی.
ئاماژە بەوەشدراوە، ئەم بەرنامە یاساییە نوێیە کە مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی بۆ پەنابەران دوادەخات بەشێکە لە بەرنامەیەکی پێداچوونەوە و ریفۆرمکردنی یاساکانی پەنابەری، بۆ ئەو کەسانەی کە دەچنە بەریتانیا بۆ ئەوەی لەوێ کاربکەن.
هاوکات، بەپێی وتەی ڕۆژنامەکە، بەشێکی هۆکاری توندکردنەوەی یاساکان پەیوەندیی بە زاڵبوونی دەنگی راستڕەوەکانەوە هەیە لەناو کایەی سیاسەتی بەریتانیادا.