هەواڵێکى ناخۆش بۆ ئەو کەسانەى بە چووپ پەڕیونەتەوە بۆ بەریتانیا
09:29 - 16/04/2025
زەمەن - جیهانى
رۆژنامەیەکى بەریتانى بڵاویکردووەتەوە، بەریتانیا لەگەڵ فەرەنسا لە گفتوگۆدایە بۆئەوەى، ئەو کۆچبەرانەى لە رێگەى کەناڵى ئینگلیزەوە لە فەرەنساوە چوونەتە بەریتانیا دیپۆرتى وڵاتەکانیان بکاتەوە.
بەگوێرەى هەواڵێکى رۆژنامەى گاردیانى بەریتانى، گفتوگۆ سەرەتاییەکان لەنێوان هەردوو حکومەتى بەریتانیا و فەرەنسا بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لەبارەى کۆچبەرانەوە دەستیپێکردووە.
رۆژنامەکە دەڵێت، بەریتانیا دەیەوێت لە رێککەوتنەکەدا ئاسانکارى بۆ ئەو کەسانە بکات کە خێزانەکانیان لە بەریتانیان، بۆئەوەى کەسوکارەکەى بچن بۆلاى لە بەریتانیا نیشتەجێ بن، بەڵام لەهەمانکاتدا دەیەوێت سنوورێک بۆ پەڕینەوەى کۆچبەران بە بەلەمى چووپ لە کەناڵى ئینگلیز دابنێت و فەرەنسا هاوکارى بێت لە قەدەغەکردنى پەڕینەوەى کۆچبەران لە کەناڵى ئینگلیز لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا، هەروەها دەیەوێت، ئەو کۆچبەرانەى بە چووپ پەڕیونەتەوە و مافى مانەوەیان پێنەدراوە، بەگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکانى خۆیان.