کارنامەی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بلاوکرایەوە
04:27 - 30/11/2024
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
بەرنامەی کاری یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکرایەوە و هەموو ئامادەکارییەکانی پەرلەمان بۆ یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی تەواوبوون.
ئەمڕۆ شەممە، ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەو و ئاشکرایکرد، لیژنەیەک بۆ پێشوازی لە پەرلەمانتارانی نوێ پێکهێندراوە و هەموو ئامادەکارییەکانی پەرلەمان بۆ یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تەواوبوون.
ئاماژە بەوەشدراوە، دانیشتنەکە بۆ راگەیاندنەکان کراوە دەبێت و هیچ میوانێکیش بۆ دانیشتنەکە بانگهێشت نەکراوە.
بەرنامەی کاری دانیشتنەکەش بەم شێوەیە دەبێت:
یەکەم: کردنەوەی دانیشتنەکە بە چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز.
دووەم: یەک خولەک راوەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان.
سێیەم: بانگهێشتی بەتەمەنترین پەرلەمانتار لەلایەن سەرۆکی دیوانی پەرلەمان بۆ سوێندخواردن و بەڕێوەبردنی دانیشتنەکە، بەپێی حوکمی بڕگەی دووەم لە ١١ و بڕگەی یەکەم لە مادەی ١٢ـی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان.
چوارەم: سەرۆکی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەم کاندیدە هەڵبژێردراوەکان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق بانگ دەکات بۆ سوێندخواردنی یاسایی بەپێی حوکمی بڕگەی دووەمی مادەی ١٢ لە پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان، پاشان دانیشتنەکە لەلایەن سەرۆکی یەکەم دانیشتن بەپێی حوکمی مادەکانی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان بەڕێوەدەبرێت.
بڕیارە یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە، ٢ی کانوونی یەکەم، کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ، بە سەرۆکایەتی بەتەمەننترین پەرلەمانتار، بەڕێوەبچێت.