3396 کوردستان

راگەیەندراوی حکومەتی هەرێم لەبارەی سێ مووچەکەی کۆتایی ئەم ساڵ

05:27 - 27/11/2024

زەمەن - هەرێمی كوردستان

 

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر هەر سێ پرسی سەرژمێری و بە بەقیستکردنی ئەو بڕە پارەیەی لە هاووڵاتی زێدەڕۆکار وەردەگیرێت، کە خانووی نیشتەجێیان بە زێدەڕۆیی لە سنووری شارەوانییەکان دروست کردووە بۆ مەبەستی نیشتەجێبوون، لەگەڵ بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی بۆ هەر سێ مانگی 10 و 11 و 12ی ئەمساڵ کۆ بووەوە.

چوارشەممە 27ـی تشرینی دووەمی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ئەنجوومەنی وەزیران، کۆبوونەوەکە،

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان ڕاپۆرتێکی دەربارەی بەڕێوەچوونی قۆناخی فۆرمی خێزانی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و ئاڤاهیان بە سەرکەوتوویی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی دیکەی پرۆسەکە خستەڕوو.

وەزیری پلاندانان ئاماژەی بە ڕێکار و هەنگاوەکانی پێشووی حکومەتی هەرێم دا بۆ دڵنیابوون لە ئەنجامدانی سەرژمێرییەکی دروست بۆ دانیشتووان کە تەنیا بە ئامانجی پەرەپێدان بێت و بۆ هیچ مەبەستێکی دیکەی سیاسیی بەکار نەهێنرێت و بە هیچ جۆرێک نەبێتە جێگرەوەی ڕێکار و میکانیزمە دەستووریەکان، بە تایبەتیش لە ناوچە کوردستانیەکانی دابڕێنراو لە هەرێمی کوردستان، کە دواجار بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی فیداڵ سەرجەم پێشنیار و تێبینی وسەرنجەکانی حکومەتی هەرێم جێگیر کران.

دواتر وەزیری پلاندانان ئەنجامی سەرەتایی داتاکانی قۆناخی فۆرمی خێزانیی سەرژمێریی گشتی خستەڕوو، کە بە فەرمی لەلایەن وەزارەتەوە بۆ ڕای گشتیش خرابووە ڕوو، کە پێویستە بۆ لەمەودوا ئەو ڕێژەیەی ژمارەی دانیشتووانی هەرێم بکرێتە بنەما بۆ دەستنیشانکردنی شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە لای حکوومەتی فیدراڵ، بۆ ژمارەی بەشداریی نوێنەرایەتی کورد لە دامەزراوە دەستووریەکانی فیدراڵ و دیاریکردنی بەشە بودجە و مووچەی هەرێم، لە سەر ئەم ڕێژە نوێیەی ژمارەی دانیشتووانی هەرێم و سەرەڕای بەشی هەرێم لە پلەی وەزیفی تەرخانکراو و خەرجی و تەرخانکراویی دارایی پرۆژەکانی وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە و لەسەر ئاستی ناوخۆش ، پێویستە وەزارەت و دەستە و دامەزراوەکانی هەرێم، لە ئێستاوە ئامادەسازیی بکەن تا بۆ پڕۆژە و چالاکیيەکانیان بۆ مەبەستی پەرەپێدان، پشت بە داتا و زانیاریە پەسەندکراوەکانی ئەم سەرژمێرییە ببەستن، بۆ ئەوەی بڕیاری زانستیانە و دروستر بدرێت.

وەزیری پلاندانان لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەی، ئاماژەی دا بە قۆناخەکانی دیکەی پرۆسەی سەرژمێریی، کە بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوو، بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ بکرێت  و بەتایبەتیش بەراوردکردنی زانیاريیەکان (مقاطعة البيانات) لە ناوچە کوردستانیەکان، بەو شێوەیەی هەردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و فیدراڵ بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لەسەری ڕێک كەوتون.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە دانیشتووانی هەرێم و بە تایبەتیش کوردی ناوچە کوردستانییەکان، کە بە پەرۆشەوە و نیشتیمانیيانە و دڵسۆزانە بەشداربوون لە سەرکەوتنی سەرژمێریی، لە هەمانکاتدا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی وەزیری پلاندانان و تیمەکەی و سەرۆکی دەستەی ئامار و بەڕێوەبەری ئامار لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و فەرمانبەران و کارمەندانی دەستەکە و سەرجەم ئەو بژمێرانەی کە بەشدار بوون لە پرۆسەکە و سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کرد کە هاوکار بوون بە تایبەتی وەزارەتی ناوخۆ و هێزەکانی ئاسایش و وەزارەتی پەروەردە لە سەرخستنی پرۆسەکە بەرز نرخاند.

لە هەمانکاتیشدا، ئەنجوومەنی وەزیران نیگەرانی خۆی لە هەژمارنەکردنی سەدان هەزار کەس لە دانیشتووانی سنووری هەرێمی کوردستان لە قەزای شێخان و زلکان وکەڵەکچی و ناحیەی فایدە و بەشێک لە قەزای سێمێل و قەزاکانی بەردەڕەش و خەبات و مەخموور لە سەر دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و داوایکرد کە حکومەتی فیدراڵ، ئەو ڕێکارە ڕاست بکاتەوە و ئەو خەڵکانە، بخاتەوە شوێنی ڕاستی خۆی کە هەرێمی کوردستانە.

ئەنجوومەنی وەزیران سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاسپارد، بۆ ئامادەکردنی نووسراوێک بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ، بۆ گەیاندنی ئەو پێشنیارانەی کە لە کۆبوونەوەکە پەسەند کران، بە ئاراستەی ئەوەی کە لێرە بەدواوە و بۆ ساڵی دارایی 2025 ، ڕێژەی نوێی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بکرێتە بنەما بۆ دیارکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە گشت شایستە دەستووریيەکانی خۆی لە حکومەتی فیدراڵ.

بڕگەی دووەم، تایبەت بوو بە خستنەڕووی پێشنیارێک لەلایەن بەڕێز ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار، تایبەت بە پاژەکردن ( بەقیستکردن)ی ئەو بڕە پارەیەی لە هاووڵاتی زێدەڕۆکار وەردەگیرێت، کە خانووی نیشتەجێیان بە زێدەڕۆیی لە سنووری شارەوانییەکان دروست کردووە بۆ مەبەستی نیشتەجێبوون بە گوێرەی سەرجەم ئەو مەرج وپێداویستیانەی لە یاسای ژمارە 3 ساڵی 2019 ی هەموارکراو لە یاسای ژمارە 7 ساڵی 2021 هاتووە، کە تەنیا ئەو هاووڵاتییە ئاساییە دەگرێتەوە کە بە هۆی نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوون، زێدەڕۆییان لەسەر زەوی گشتی کردبوو لە چوارچێوەی سنووری شارەوانیەکان.

ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ، پڕۆژە بڕیارەکەی پەسەند کرد، وەک ئاسانکارییەک بۆ ئەو هاوڵاتیانەی کە یاساکانی ئاماژەپێدراو دەیانگرێتەوە و توانای داراییان سنووردارە و لە توانایاندا نیيە کە بڕی پارەی تەملیکی زەویەکە بە یەکجار بدەن.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوە و سەبارەت بە بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی بۆ هەر سێ مانگی 10 و 11 و 12ی ئەمساڵ ، جەخت لەوە کرایەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەوڵەکانی بەردەوامە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و هەروەک لە دوا کۆوبوونەوەی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵیش، جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە بابەتی مووچە، تێکەڵی هیچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی نەکرێت و وەک ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش بدرێت، وەک شایستەی یاسایی خۆیان لە بەرامبەر وەزیفەکانیان، هاوشێوەی هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن