67 کوردستان

حەسەن شێخانى: تا ئێستا کورد لەسەر کاندیدێک بۆ پۆستى پارێزگارى کەرکوک رێکنەکەوتوە

11:44 - 10/07/2024

زەمەن - کوردستانى

 

سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک ناوەڕۆکى کۆبونەوەى سبەینێی لایەنە سیاسییەکان و سەرۆک وەزیرانى ئاشکرا کرد و جەختیش دەکاتەوە کە پارتى دیموکراتى کوردستان رێگر نییە لە دانانى پارێزگارێکى کورد بۆ کەرکوک.

حەسەن شێخانى، سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بە کەى ئێن ئێنى رایگەیاند؛ لەسەر داواى محەمەد شیاع سودانى، سەرۆک وەزیرانى عێراق سبەینێ هەمو فراکسیۆنەکان لە هۆڵى پارێزگاى کەرکوک کۆدەبنەوە و پارتى دیموکراتى کوردستانیش بەشدارى لە کۆبونەوەکەدا دەکەن.

ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە کۆبونەوەکەى سبەینێ هیچ پۆستێکى تێدا یەکلایی ناکرێتەوە و تەنها بۆ شەرعیەتدانە بە ئەنجومەنەکە، ئەوەشى ئاشکرا کرد کە راکان سەعید جبورى ئەمڕۆ وەک ئەندامى ئەنجومەنى کەرکوک سوێندى یاسایی دەخوات و سبەینێ بەهۆى ئەوەى بەتەمەنترین ئەندامە سەرپەرشتى کۆبونەوەکە دەکات.

سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى وتى: دەبێت لەماوەى یەک مانگدا پارێزگار و سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک دیاریبکرێت و تا ئەوکاتە راکان جبورى پۆستى پارێزگار/ کاربەڕێکەر بەڕێوەدەبات و لەدواى کۆبونەوەى سبەینێ، سودانى وادە دەداتە لایەنەکان تا لێکتێگەیشتن لەنێوانیان دروست ببێت.

لەبارەى لێکتێگەیشتنى پارتى و یەکێتى بۆ یەکلاییکردنەوەى پۆستى پارێزگارى کەرکوک حەسەن شێخانى بە کەى ئێن ئێنى وت، تا ئێستا هیچ لێکتێگەیشتنێکمان نییە و هیچ کەسێکمان بۆ وەرگرتنى ئەو پۆستە یەکلایی نەکردوەتەوە، هەرچەندە بەپێی کۆبونەوەى دەباشان دەبو سێ کەس لە هەردولا دەستینیشان بکرێت و باشترینیان وەک کاندید دیاریبکرێت.

جەختیشیکردەوە کە پارتى بە هیچ شێوەیەک رێگر نییە لە دانانى کاندیدى کورد بۆ پۆستى پارێزگارى کەرکوک و وتى: بەردەوام سەرمەشقبوین لە کارە کوردایەتییەکانى کەرکوک.

دواى حەوت مانگ لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق، تا ئێستا ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک پێکنەهاتوە و پۆستەکان لەو پارێزگایە یەکلایی نەکراوەتەوە، ئەویش بەهۆى رێکنەکەوتنى لایەنەکانى کەرکوک.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن