1705 کەلتور

کتێبخانەی زەمەن

03:23 - 09/07/2019

"زەمەن"

 

ڕاسپاردە بە “با”دا

کتێبی ڕاسپاردە بە “با”دا، نووسینی محەمەد ئەحمەد تاهیر، ئەم کتێبە خوێندنەوەیەکی تر و جیاوازە، بۆ شیعرنامەکەی نالی و وەڵامەکەی سالم، لە دوو توێی ٢٤٠ لاپەڕەدا،  لەم ڕۆژانەدا بڵاوبوویەوە. لە ناونیشان و پێڕستی بابەتەکانی کتێبەکەوە، خوێنەر، هەست دەکات دەکەوێت بەسەر دنیایەکی جیاواز لە خوێندنەوەی شیعری کلاسیکیی کوردیی بە گشتیی و دنیای تایبەتیی (نالی و سالم) .
ڕاسپاردە بە “با”دا،  لە دوو بەش پێكهاتووە، كە هەردوو بەشەکە تەواوكەری یەكترن.

لە بەشی یەکەمدا: (نالی و سلێمانیی و خوێندن‌و سەرچاوەی فەرهەنگیی، ڕۆڵی نالی لە گەشەپێدانی دیالێکتی کرمانجی خواروو، قوتابخانەی شیعری بابان، ڕۆڵی نالی لە بونیادنانی ئەو قوتابخانەیە. نالی و نەیارەکانی و چەند بەشێکی تریش.)

 لە بەشی دووەمی ئەم کتێبەدا: نووسەر بە وردی دیدگایە خۆیەوە بە پشت بەستن بە تێڕوانینی جیاواز، شیکاریی بۆ  شیعرنامەكەی نالی‌و وەڵامەكەی سالم  کردووە. پاشتر شیعرنامەکەی شیکاریی کردووە، پاشان لە چەند ناونیشانێکی جیاوازدا کۆی دید و بۆچوونی خۆی دەخاتە روو، لە ناونیشانی بابەتە سەرەکییەکانی بەشی دووەم: (ستایشی با، نیشتمان لە دیدی نالییەوە، سلێمانی لە شیعرەکانی نالی، خانەقای مەولانا... هتد)

بەدەر لە شیکاریی ئەدەبیی چامەکەی “نالی‌و سالم” نووسەر کۆمەڵێ مانای نوێی لەو نامەیە و لە پەیوەندیی نێوان ئەم دوو شاعیرە بەرهەم هێناوە، بە تایبەتیش لە پرسی نەگەڕانەوەی نالی و سەرهەڵگرتنیی و هەندێ پرسیی گرنگیی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ئەو سەردەمەی نالیی تێدا ژیاوە.

ڕاسپاردە بە “با”دا، لەلایەن كتێبخانەی گەشە بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە، چاپ و بڵاوكراوەتەوە.

شاکر فەتاح ژیان و بەرهەمە کانی

ئەمە ناونیشانی کتێبێکی ١٦٠ لاپەڕەییە. لە لایەن د. بەهادین ئەحمەد  نووسراوە و کتێبخانەی چوارچرا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.  کتێبەکە لە پێنج بەشی سەرەکی پێکهاتووە، بەدەر لەو شیعرەی کە لەسەرەتای کتێبەکەدا نووسەر دایناوە، کە بەناوی شاکر فەتاح. نووسەر نووسیوویەتیی، شاکر فەتاح لە دیدی شێرکۆ بێكەسەوە. پاشتر لەو پێنج بەشە سەرەکییەی کتێبەکەدا، کە بریتین لە (ژیان‌و ژیانی ڕۆژنامەنووسیی شاکر فەتاح) نووسەر، باسی “ڕۆژنامەی خورماڵ و ڕۆژنامەی باسەڕە و ڕۆژنامەی چەمچەماڵ و ڕۆژنامەی ئاکرێ”ی کردووە. ئەمە جگە لە پێگەی ڕۆژنامەنووسیی شاکر فەتاح لە دنیای ڕۆژنامەنووسی کوردیدا. لەگەڵ ئەنجام و بەرهەمهێنانیی دیددگای خودی نووسەری ئەم کتێبە، لەسەر ئەو تایبەتمەندییانەی شاکر فەتاح. لە کۆتایی کتێبەکەشدا، نووسەر پاشکۆیەکی دیکۆمێنتیی‌و بەرگی ڕۆژنامە و ئەرشیفە ڕۆژنامەوانییەکان و کۆمەڵێ وێنەی سەردەمی جیاوازی شاکر فەتاحی خستووەتە ڕوو.

 

شاکر فەتاح ژیان و بەرهەمە ڕۆژنامە نووسیییەکانیی، کتێبێکی پڕ زانیارییە، لەسەر ئەو نووسەر و ڕۆژنامەنووس و سیاسەتمەدارە کوردە، کە بەداخەوە لە دنیایی نووسین و ڕۆژنامەوانیی کوردیدا، کەمترین بایەخ بە ناو و کارە ئەدەبیی و ڕۆژنامەوانییەکانی دراوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن