161 کوردستان

قوباد تاڵەبانی: دڵــنــیــام داهــاتــوی یــەکــێــتــی و کوردستانەکەمان لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵیدا بەهێزتر دەبێت

09:19 - 01/06/2023

زەمەن-كوردستانی

 

قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتاریەتی مام جەلال رایدەگەیەنێت، روداوەكانی ئەم دواییە دەریانخست كە سیاسەتی قۆڵبادان و فەرزكردنی ئیرادە بەسەر یەكتریدا دەبێتە هۆی شكستی بەكۆمەڵ.

لەئاهەنگی ساڵیادی حزبەكەیدا وتی: ئەمڕۆ وەک ساڵی 1975 کوردستان پڕبوە لە بێ هیوایی و پەیامەکان رونن کە خەڵک داوای خزمەتگوزاری و کوردستانێکی باشتر دەکەن، لەو چوارچێوەیەشدا یەکێتی نەک هەر پرەنسپەکانی نوێ دەکاتەوە بەڵکو پشتیوانی ژنان و بنبڕکردنی گەندەڵی و هێنانە کایەی شەفافیەت و هەمو ئەو پرسانە دەکات کە خزمەتی خەڵک دەکەن.

جەختدەكاتەوە، كە یەکێتی پێی وایە ئابورییەکی بەهێزمان لەگەڵ بەغدا بە یەکگرتویی دەستدەکەوێت، ئەمە جگە لەوەی پێویستە لە کوردستانیش یەکگرتو بین، تا لە بەغدا بەهێز بین.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشكرد: یەکێتی وەک هەمیشە دیالۆگی بە چارەسەری کێشەکان زانیوە، بۆیە ئێستاش تەئکید دەکەینەوە، با دەستبکەین بە دیالۆگی نیشتمانی و لەپێناو خەڵک، چونکە روداوەکانی ئەم دواییە دەریانخست کە سیاسەتی قۆڵبادان و فەرزکردنی ئیرادە بەسەر یەکتریدا تەنها دەبێتە هۆی شکستی بە کۆمەڵ، کەواتە لەگەڵ ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن، بەڵێ هەڵبژاردنیش ئەنجام دەدرێت."

هەروەها راشیگەیاند: دڵنیام داهاتوی یەکێتی و کوردستانەکەمان لە چوارچێوەی عیراقێکی فیدراڵیدا بەهێزتر دەبێت، هەروەک چۆن لە ساڵی 1975دا جارێکیدیکە هیوای هاوڵاتیانمان بەدیهێنایەوە."

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن