حکومەتی هەرێمی کوردستان 1.4 ملیار دینار بۆ هاووڵاتییان دەگەڕێنێتەوە
08:03 - 10/06/2025
زەمەن پرێس:
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی
کوردستان ڕایدەگەیێنێت، بڕی 1.4 ملیار دینار دەگەڕێندرێتەوە ئەو خێزانانەی کە بەشێکن
لە پرۆژەی ڕووناکی، لە ئەنجامی ئەمەشدا، زیاتر لە 60 هەزار خێزان کە کارەبای 24
کاتژمێرییان هەیە سوودمەند دەبن لەو بڕە پارەیەی حکومەت دەیگەڕێنێتەوە.
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند:
بڕی 1.4 ملیار دینار دەگەڕێندرێتەوە ئەو خێزانانەی کە بەشێکن لە پرۆژەی ڕووناکی،
لە ئەنجامی ئەمەشدا، زیاتر لە 60 هەزار خێزان کە کارەبای 24 کاتژمێرییان هەیە
سوودمەند دەبن لەو بڕە پارەیەی حکومەت دەیگەڕێنێتەوە بەشێوەی کرێدت (رصيد) بۆ
پسوولەکانی مانگی پێنج.
ئاماژەى بەوەشکردوە، بە تێکڕا هەریەکێک لەم
ماڵانە تا 20 هەزار دینار بەشێوەی کرێدت لەسەر پسوولەکانیان وەردەگرنەوە، هەندێک
گەڕەک هەن کە ماڵەکانیان بە تێکڕا تا نزیکەی 80 هەزار دیناریش وەردەگرنەوە.
هاوکات وەزارەتى کارەبا ڕوونیکردوەتەوە، زیاتر لە
10 هەزار خێزان بەهۆی گەڕانەوەی ئەمە بڕە بۆیان، هیچ بڕە پارەیەک نەدەن بۆ پسوولەی
کارەبای مانگی پێنج.
بەپێی راگەیەندراوەکەى وەزارەتى کارەبا، ئەم
هەنگاوە ئەو خێزانانە دەگرێتەوە کە پێشتر پارەیەکی زیاترییان دابوو بۆ پسوولەی
کارەبا بە بەراورد بەو نرخە نوێیانەی ئەنجومەنی وەزیران لە چەند هەفتەی ڕابروودا
پەسەندی کرد.
هەروەها ئەو ئەو هاووڵاتییانەش دەگرێتەوە کە
سوودمەند نەبووبوون لە پاڵپشتی حکومی بەڕێژەی ٪15 لە مانگی سێیەمدا کە ئەویش لە
چەند هەفتەی ڕابردوودا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندکرا. ئەمەش وەک
پاڵپشتیەکی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەسەر پاڵپشتی مانگی یەکەم بەڕێژەی ٪50
و مانگی دووەم بەڕێژەی ٪25.
پێشتر ئەنجومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ نرخە
نوێیەکانی کارەبای پەسەندکرد. لە ئەنجامدا، ئێستا ٪80ی هاووڵاتییان پارەیەکی کەمتر
دەدەن بە کارەبا بە بەراورد بە پێشوو بۆ کارەبای مۆلیدەی ئەهلی و نیشتمانی.
هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان تاکو بڕی 200 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەم پاڵپشتییانە و
کۆمەڵێک دەستپێشخەری دیکە دابینکردووە بۆ پاڵپشتیکردنی زیاتری هاووڵاتییان.