ئایا دادگاى باڵاى فیدراڵى هیچى پێ دەکرێت بۆ چارەسەرکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم؟
6/10/2025 3:25:00 PM
عەبدولقادر ساڵح
پێشتر دادگاى فیدرالى لە داواى ژمارە (224 وموحدتها 269/اتحادية/2023 ) لە 21\2\2024 بڕیارى دا لەبەرژەوەندى فەرمانبەرانى هەرێم و پابەندى هەریەک لە حکومەتى عێراق و هەرێمى کرد بە نیشتەجێکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم وەک مووچەخۆرانى عێراق، بەڵام ئەم بڕیارە تائێستا وەک خۆى جێبەجێنەکراوە و هەردوو لایەنى داواکە وەک پێویست پابەندنەبوون بە جێبەجێکردنى بڕیارەکەى دادگاوە.
پاش ئەوەى وەزارەتى دارایى عێراق لە نووسراوێکیدا هەرێمى ئاگادارکردنەوە لەوەى بڕى تەرخانکراوى بۆ مووچە تەواو بووە بۆ ساڵى 2025، بەم جۆرە جارێکى دیکە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم رووبەرووى مەترسى بوویەوە بەتایبەت مووچەى هەشت مانگى ساڵى 2025، لەبەرامبەر ئەم بابەتەشدا داوایەک لە دادگاى فیدراڵى تۆمارکراو و داواى دەرکردنى فەرمانسالارى کراوە بۆ پابەندکردنى عێراق بە ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم، پاش بە دواداچوونمان بۆ ناوەرۆکى ئەم داوایە دەرکەوت ناوەرۆکى داوا تۆمارکراوەکە هەمان ناوەرۆکى داواى ژمارە (224 وموحدتها 269/اتحادية/2023 ) ئەمەش بەروونى لە بڵاونامەکەى دادگاى فیدراڵیدا هاتووە کە لەم بارەیەوە بڵاوى کردووەتەوە، ئەوەى لێرەدا دەکرێت سەرنجى لەسەر بدەین ئایا دادگاى فیدراڵى دەتوانێ کێشەى مووچە جارێکى چارەسەر بکات؟ ئایا دەکرێت بۆ ئەم بابەتە فەرمانسالارى دەربکات؟ هەوڵدەدەین لە خوارەوە بە چەند خاڵێک وەڵام بدەینەوە:
یەکەم: دەرکردنى فەرمانسالارى دەکەوێتە پێش دەرچوونى بڕیارى کۆتایى لە داوا بنەڕەتییەکە و دەبێت داواکە پێشتر یەکلانەکرابێتەوە، بەڵام بەپێى ئەوەى ئێمە بە دواداچوونمان کردووە، ناوەرۆکى ئەم داوایەى تۆمارکراوە جەختکردنەوەیە لە چەند حەیسیات و بڕگەیەکى داواى (224 وموحدتها 269/اتحادية/2023 ) بێگومان لەم بارەشدا دەرکردنى فەرمانسالارییەکە کارێکى ئەستەم دەبێت بۆ پابەندکردنى عێراق بە ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم.
دووەم: ئەگەر ناوەرۆکى داوا تۆمارکراوەکە بۆ پاشگەزبوونەوەى (عدول) دادگاى فیدراڵى بێت لە قەتیسکردنی تەرخانکراوى مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەچوارچێوەى پشکی ترخانکراو بۆ هەرێم لە یاسای بوودجەی گشتی وڵات کەلە داواى ژمارە (224 وموحدتها 269/اتحادية/2023 ) دا هاتووە و ئەم پشکەش بەپێى ماددەى (11/ یەکەم) لە یاساى بووجەى گشتى عێراق دەبێت لە پشکى خەرجى فیعلى (انفاق الفعلی) بێت، ئەوا رەنگە ئەمە دەرچەیەکى یاسایى بێت بۆ چارەسەرکردنى دۆخەکە، هەرچەند دیار نییە ئایا داوا تۆمارکراوەکە ئەم داوایە لە خۆی دەگرێ یان نا؟ بەڵام دەبێت ئەوەشمان لە یاد نەچێت لە بڕگەى دووەمى حوکمەکەى دادگادا پابەندى هەرێمى کوردستان کراوە بە رادەستکردنى سەرجەم داهاتە نەوتى و نانەوتییەکان بە گەنجینەى عێراق و بەپێى یاساى بوودجە، کە تائێستا حکومەتى فیدراڵ هەرێم تاوانبار دەکات بە پابەندنەبوون بەم بڕگەیە.
سێیەم: لە داواى ژمارە (224 وموحدتها 269/اتحادية/2023 ) ئەرکى دارایى بەرچاو خراوەتە ئەستۆى حکومەتى فیدراڵى بەپێى بڕیارەکەى دادگا، ئەم جۆرە پابەندکردنەکە رەنگە هەرگیز جارێکى دیکە دووبارە نەبێتەوە و جارێکى دیکە دادگاکە گەنجینەى گشتى عێراق بارگران نەکات بە پابەندییەکى دارایى دیکە بەتایبەت ئەگەر هاتوو بڕیارەکەى لە داواى ژمارە (224 وموحدتها 269/اتحادية/2023 ) وەک خۆى جێبەجێ نەکرابێت.
بۆیە بەبرواى ئێمە ئەستەمە جارێکى دیکە دادگاى فیدراڵى لەبەرژەوەندى هەرێم و لەچەشنى داواى ئاماژەپێکراو بڕیار لەبەرژەوەندى مووچە خۆرانى هەرێم بدات و ئەرکى دارایى بۆ عێراق دروست بکات ئەگەربێتوو هەرێم نیەت باشى خۆى دووپات نەکاتەوە و لانیکەم بڕگەکانى بڕیارەکەى دادگا وەک خۆى جێبەجێ نەکات بەتایبەت رادەستکردنى داهاتە نەوتى و نانەوتییەکان بەگوێرەى یاساى بەرێوەبردنى دارایى فیدراڵى (قانون ادارة المالیة الفدرالیة) وەک لەبریارەکەی دادگادا بەراشکاوانە هاتووە، بەپیچەوانەوە هیوا گرێدان بە دادگاى فیدراڵى بۆ دەرکردنى فەرمانسالارى لەم بارەدا ئەگەرێکى لاوازە.