مەسرور بارزانی: هەموو پابەندییەکانمان زۆر بە زیادەوە جێبەجێ کردووە
09:30 - 10/06/2025
زەمەن
پرێس:
سەرۆکی
حکومەتى هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵی، بەشێوەیەکی
ناڕەوا و نا یاسایی و نا دەستووری، بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی خەڵکی کوردستانیان داوە،
دەشڵێت: هەموو پابەندییەکانی دەستووری کە لەسەرمان بووە، زۆر بە زیادەوە جێبەجێمان
کردووە.
مەسرور
بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی دامەزراوەی ڤیزت
کوردستان ڕایگەیاند، بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵی، بەشێوەیەکی ناڕەوا و نا یاسایی و
نا دەستووری، بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی خەڵکی کوردستانیان داوە، ئەمەش بەشێکە لە
سیاسەتی گوشار خستنە سەر هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە کاروانی ئاوەدانی و
پێشکەوتنی خۆی بووەستێت کە بە دڵنیاییەوە لەو هەوڵانەیان سەرکەوتوو نابن.
وتیشی: بە پشتیوانی خوای گەورە و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان، لە ساڵانی
ڕابردوودا چەندین دۆخی سەختمان تێپەڕاندووە، بۆیە خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە
کە هەرگیز و لەژێر هیچ فشارێکدا دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان نابین.
مەسرور بارزانی، ئاماژەى بەوەشکرد، ئێمە هەموو پابەندییەکانی دەستووری
کە لەسەرمان بووە، زۆر بە زیادەوە جێبەجێمان کردووە، چاوەڕێشمان دەکرد لە
بەرانبەردا مافەکانی خەڵکی کوردستان بدرێت، بەڵام بەداخەوە ڕێز لە مافە
دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و تەنانەت لەو ڕێککەوتنانەش ناگیرێت کە ئیمزایان
کردووە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: بەرپرسانی بەغدا دەبێت
بزانن، عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە، هەرێمی کوردستانیش بەپێی دەستوور، اەوارەیەکی
یاسایی و دەستوورییە، دەبێت لەو چوارچێوەیەدا مامەڵە و هەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێمی
کوردستان بکرێت، نەوەک بە عەقڵییەتی مەرکەزی و سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان کە
لەسەدەی ڕابردوودا ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی دەسەڵاتدا لە بەغدا، بە ئاگر و
ئاسن، لەگەڵ بەکارهێنانی هەموو چەکێک ڕووبەڕووی ماف و داخوازییەکانی خەڵکی
کوردستان بوونەوە، بەڵام ئەم سیاسەت و ڕەفتارانە جگەلە ماڵوێرانی و وێرانکاریی،
هیچ سوودێکی بۆ عێراق نەبووە، بۆیە هیوادارم بەرپرسانی بەغداش واز لەو سیاسەتە
چەوتەی برسیی کردنی خەڵکی کوردستان و پێشێلکردنی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان
بێنن، چونکە هیچ سوودێک و ئەنجامێکی نابێت.
مەسرور بارزانی جەختیشیکردەوە، لە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەریی ئەو
قەیرانە بەردەوام دەبن، هیواداریشە لە کاتێکی زوودا، بگەنە ئەنجامێک کە لە
بەرژەوەندیی هەموو لایەکدا بێت.