هۆشیار سیوەیلی سەركردایەتی پارتی: وەگەڕخستنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە ئەرکە سەرەکییەکانی حیزبەکانە،
02:17 - 10/06/2025
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دەڵێت: پشتبەستنی تەواو بە بەغداد پێگەی هەرێمی کوردستان لاواز دەکات و گوشارەکانی حکومەتی فیدراڵی بۆسەر هەرێمی کوردستان زیاتر دەکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، ڕایگەیاند: دژایەتیکردنی گرێبەستەکانی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غاز بۆ نەهێشتنی سەربەخۆیی ئابووری و نەهێشتنی ژێرخانی وزەیە، کە بنەماکانی پشتبەخۆبەستن بەهێز دەکەن و بەغداد قووت و گوزەرانی خەڵکی کوردستان وەک بارمتە بەکاردەهێنێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پشتبەخۆبەستن لەم دۆخەی ئێستای کوردستاندا ئەوە دەخوازێت یەکێتی و یەکڕیزیی نێوخۆ پتەو بکرێت، ئەمەش تەنیا لەڕێی کاراکردن و بەهێزکردنی دامەزراوە و دەزگا یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەبێت.
سیوەلی دەشڵێت، وەگەڕخستنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە ئەرکە سەرەکییەکانی حیزبەکانە، هیچ چوارچێوە و دامەزراوەیەک لە دەرەوەی پەرلەمان و حکومەت ناتوانێت نوێنەرایەتیی گەل بکات، دەبێت دانانی دەستوورێک بۆ هەرێمی کوردستان لە کارە سەرەکییەکانی پەرلەمان بێت.