20وتار

قەرز کۆن دەبێت، بەڵام نافەوتێت

6/10/2025 3:14:00 PM
عەبدولواحید محەمەد

دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی ڕێنمایی تایبەت بە لێبڕینی خانەنشینی واتە زیادکردنی ٪٣ لەسەر ئەو ٪٧ پێشتر بڕدراوە دەرکرد، بە شێوەیەک ئەو زیادەیە لە ٢٠١٤ەوە بێت و هەمووی بە قەرز حساب بکرێت و بە ماوەی سێ ساڵ لە فەرمانبەران و شەش ساڵ لە خانەنشینان بگێڕدرێتەوە.

دیارە ناڕەزایی و دید و بۆچونی زۆری لەگەڵ خۆی هێنایە ئاراوە، لەبەرامبەردا وەزارەت ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر بڕینی ئەو ٪٣ بڵاوکردەوە، گوایە ئەوە لەلایەن عێراقەوە داواکراوە، هەندێک تیر و توانجیشی تێدا بوو، ئەوەی بۆ خۆیان لێدەگەڕێم.

ئەوەی من دەمەوێت هەڵوێستەی لە بارەیەوە بکەم، ئەوەیە ئێمەش دەزانین ئەوە لە چوارچێوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە٩ ی ساڵی ٢٠١٤ دەرچووە، ئەوێ دەمێ ئێمە ئەو یاسایەمان پێ باشبوو چونکە هەندێک ویژدان و جۆرێک لە هاوسەنگیشی بۆ خانەنشینان پێوەبوو، لێبڕینەکەشمان پێ ئاسایی بوو، زۆریش داوامان کرد جێبەجێ بکرێت، بەڵام نەکرا و حکومەت خۆی لێ نەبان کرد و درێژەی بە یاسای ژمارە ٢٧ ساڵی ٢٠٠٦دا کە زیانێکی زۆری بۆ خانەنشینە ڕاستەقینەکان هەبوو.

بەهەرحاڵ ئەوەی جێگەی نیگەرانیە ئەوەیە، هەر بڕیارێک بۆ بڕین و کۆکردنەوەی پارە بێت زوو جێبەجێ دەکرێت، بەڵام ئەگەر پێشهاتێک لە بەرژەوەندی مامۆستایان و فەرمانبەران بێت پشت گوێ دەخرێت و سەد کلک و کوێی بۆ دروستدەکرێت، بەداخەوە ئەوە بۆتە ڕیسای کارکردن کە نابێت وابێت.

ڕاستەکەی ئەوەیە، تۆ ئەگەر لەسەر هەقی گشتی مەبەستم دەوڵەت ئەوەندە بەشیری، پێویستە بە قەد ئەوەش لەسەر مافی تاکەکان و توێژەکان پێگیربن، کە هەتا ئێستا نەمان بینیوە، پرسیارەکەش ئەوەیە باشە جەنابی وەزیر، کە ئەو بڕە پارەیە بە پێی یاسا و لەسەر داوای دارای عێراق دەگێڕنەوە؟ نەدەبوو بیریشتان لەو هەموو پێدراوە یاساییانەی مامۆستایان و فەرمانبەرانیش بکردابایەوە کە لە یازدە ساڵی ڕابردوودا پێشێکاری دەرهەقیان کراوە، بۆ تەنها چاوتان خۆتان دەبینی، بەرامبەرەکانیشتان هیچ.

ئەوەتا؛

یەکەم، لە کۆی ١٣٢ مانگی ئەو یازدە ساڵە، ٤٤ مووچەتان بە پاشەکەوت و لێبڕین هەروەها پازدە موچەشتان هەر نەداوە، بە چ هەقێک لە دیناری خۆتان خۆش نابن، کەچی ئەو قەرزەی ئەو بەڕێزانەش بچێتە ئاوێ.

دووەم، لە کۆی ئەو یازدە ساڵە مووچەی خانەنشینی هەر بە یاسای ژمارە ٢٧بووە، لە مانگی تەموزی ساڵی ٢٠٢٤ یاسای ژمارە ٩ جێەجێکرا، چۆن دەبیت لێبڕینەکە لە ٢٠١٤ەوە بێت.

سێیەم، لە یەکی شوباتی ٢٠١٦ەوە بەرزکردنەوەی مووچەتان نەکردووە، کە بۆ هەر مامۆستا و فەرمانبەرێک دوو تا سێ بەرزکردنەوەی مووچەتان بۆ نەکردوون بە پارە دەکاتە نزیکە ٧٥ تا ١٥٠هەزار دینار، لە خانەنشینیش بۆتان هەژمار نەکردن، بە چ مافێک ئەو لێبڕینە بەو شێوەیە دەکەن.

چوارەم، ئەگەر حسابی قەرزی خۆتان دەکەن و دەتانەوێت وەری بگرنەوە، ئەی نابێت ئەوەتان پێ بوترێت، ئەو ٪٧ ئەوەندە ساڵە بڕیوتانە لە کۆێتان داناوە، دڵنیام لوش کراوە، بە پێی یاسا دەبوو ئەو گوژمە گەورەیە لە سندوقی دەستەبەری بووایە، کە تا هەنوکە نە سندوق هەیە و نە هیچ، مەگەر لێرە بە دواوە بچێتە سندوقەکەی عێراق.

پێنجەم، کە ئەو فەرقە وەردەگرنەوە، ئێ کەوایە فەرقی مووچەی خانەنشینانی ئەو چەند ساڵەش بدەنەوە، ئەگەر نا بە چ هەقێک ئەو بڕینە دەکەن، خۆ ئێوە مووچەکەتان بە پێی یاساکە نەداوە تاوەکو بە پێی هەمان یاسا ئەو لێبڕینە زیادەیە بکەن.

لە ژێر ڕۆشنایی ئەو ڕاستیانەی ئاماژەمان پێدان، دەبوو وەزارەت هەموو ئەو بڕگە و بابەتانەی لەبەرچاو بگرتبا و داکۆکی تەواوی بکردبا، نەک ڕاستەوخۆ بچوبا ژێر باری ئەو بارگرانیە بۆ مامۆستان و فەرمانبەران.

دەرچوو بە هەموو لایەک غەدر لەم دوو توێژە دەکەن و کراونەتە قوربانی ئەو سەودایانەی دەکرێت، لێرەدا ڕووی دەمم دەکەمە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئێوە باشتر لە ئێمە ئەو ڕاستیانە دەزانن چونکە کەتنەکە هەر خۆتان کردووتانە، دەبوو پارێزەر ئەو واقیعەبان، ئەو هەموو کەموکوڕی و دەردەسەریەتان باس کردبا، بۆ ئەوەی ئەو بارە ئەوەندە قورس نەبا.

بۆیە جێی خۆیەتی چاوی پێدابگێڕنەوە، لە مێژیشە وتویانە قەرز کۆن دەبیت بەڵام نافەوتێت هەر دەشمانەوێتەوە، بۆ ئەو بڕینە زیادەیەش خۆتان بکەنە خاوەن لێمەگەڕێن وا تێپەڕێت، ئەگەر نا دادگا هەیە دەرگاکەشی واڵایە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن