تۆڕی هاوپه‌یمانی 19: سزادانی پزیشكانی مانگرتووی هه‌ولێر له‌گه‌ڵ یاسا ناكۆكه
03:19 - 10/06/2025
زەمەن - هەولێر
تۆڕی هاوپه‌یمانی 19 رایگه‌یاند كه بڕیاره‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر له‌گه‌ڵ حوكمــه‌كانی یاسای ژماره (11)ی ساڵی (2010) یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان له هه‌رێمی كوردستان، و په‌یماننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی مافه ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوورییه‌كاندا ناكۆكه و نه‌ریتێكی نادیموكراتییه، ده‌شڵێت: "داوا ده‌كه‌ین هه‌ڵبوه‌شێته‌وه".
دوای راگه‌یاندنی بایكۆتی چه‌ند رۆژی رابردووی پزیشكانی نیشته‌جێی خولاو له نه‌خۆشخانه‌كانی هه‌ولێر، سلێمانی، كۆیه، راپه‌ڕین، گه‌رمیان و سۆران، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر، نووسراوێكی بڵاوكرده‌وه، ئیمزای به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له‌سه‌ره، چه‌ند پزیشكێكی له‌سه‌ر پابه‌ندنه‌بوون به كاتی ده‌وامه‌وه سزاداوه.
نووسراوه‌كه پاش سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بووه بۆ نه‌خۆشخانه‌ی رزگاری فێركاری له رۆژی دووه‌می جه‌ژنی قوربان، بڕیاردراوه به سزادانی ئه‌و پزیشكانه‌ی كه له شوێنی خۆیان ئاماده نه‌بوون، به بڕینی مووچه و به‌نه‌هاتوو هه‌ژماركردنیان. بڕیاره‌كه 13 پزیشكی نیشته‌جێی خولاوی گرتۆته‌وه، هه‌روه‌ها له نوسراوێكی هاوشێوه‌دا، حه‌وت پزیشك، له نه‌خۆشخانه‌ی راپه‌ڕینی فێركاری به‌هه‌مان هۆكار سزادراون.
تۆڕی هاوپه‌یمانی 19 له راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت: "یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان له هه‌رێمی كوردستان، پێناسه‌ی چالاكییه مه‌ده‌نییه‌كانی كردوه كه (گردبوونه‌وه‌ی گشتی به مه‌به‌ستی خۆپیشاندان، مانگرتن، په‌ناگیری) له خۆ ده‌گرێت".
ده‌شڵێت: "باشتر بوو به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر، داوای پزیشكه ناڕازییه‌كان وه‌ربگرێت، پاشان له‌گه‌ڵ لیژنه‌كه‌یاندا كۆ ببێته‌وه به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری گونجاو له ماوه‌یه‌كی دیاری كراوی گونجاو‌دا، نه‌ك په‌نا بۆ سزادانیان ببات".
روونیشیكردووه‌ته‌وه كه له "یاسای ژماره (11)ی ساڵی (2010) یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان له هه‌رێمی كوردستان- عێراق، ماده‌ی هه‌شته‌می په‌یماننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی مافه ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوورییه‌كان كه عێراق په‌سه‌ندی كرد، مافی مانگرتن پارێزراوه".
تۆڕی هاوپه‌یمانی 19 نیگه‌رانه كه "سزای پزیشكانی هه‌ولێر بكرێته پێشینه‌یه‌ك بۆ سزادانی ئه‌و چین و توێژانه‌ی له رێی چالاكی مه‌ده‌نییه‌وه داوای مافی خۆیان ده‌كه‌ن، له بری په‌نابردن بۆ بڕیارێك كه پێچه‌وانه‌ی حوكمــه‌كانی یاسای ژماره (11)ی ساڵی (2010) یاسای رێكخستنی خۆپیشاندانه، كه داوا ره‌واكانیان كه داوای 1600 پزیشكه، جێبه‌جێ بكه‌ن".
راشیگه‌یاندووه كه له مادده‌ی چوارده‌هه‌می یاسه‌كه هاتووه "كار به هیچ ده‌قێكی یاسـایی یان بڕیارێك ناكرێت، كه له‌گه‌ڵ حوكمــه‌كانی ئه‌م یاسـایه‌دا نـاكۆك بێت".
تۆڕی هاوپه‌یمانی19، له كۆمه‌ڵێك رێكخراوی داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ، پێكهاتووه، سه‌نته‌ری میترۆ سه‌رپه‌رشتی ده‌كات، داكۆكی له پرنسیپه‌كانی جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافی مرۆڤ و به‌ڵگه‌نامه نێوده‌وڵته‌ییه‌كانی تری تایبه‌ت به ماف و ئازادییه‌كان ده‌كات، به تایبه‌تیش به‌ندی 19ی جاڕنامه‌كه.