سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا: سەرکردەکانی شیعە پابەندن بە ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێم و هەندێک پەرلەمانتارمان "یاخی"بوون
09:36 - 27/05/2023
زەمەن-عێراق
سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا جەختدەكاتەوە، سەرکردایەتی هێزە شیعەکان ڕێککەوتنیان لەگەڵ لایەنە کوردییەکان پێشێل نەکردووە، بەڵکو ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی سەر بە لایەنە شیعەکان بە شێوەیەک لە شێوەکان یاخی بوون.
سەعد مەتڵەبی سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە: "سەرکردایەتی لایەنە شیعەکان پابەندن بە ڕێککەوتنەکانیان لەگەڵ هەرێم، بەڵام کێشەکە ئەوەیە یاخیبوون هەیە لای هەندێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران."
ئاماژەی بەوەشكردووە: "سەرکردەکانی شیعە پەیوەندی ستراتیژیان لەگەڵ هەولێر هەیە، بەڵام یاخیبوونی ئەو پەرلەمانتارانە مایەی گرفتە."
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی لیژنەکە، دەنگی لەسەر مادەی 13 و 14ی پرۆژە یاسای بودجەی عێراقدا کە ئەمەش ئەو دوو مادەیەن کە تایبەتن بە پشکی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا لەکۆی 4 ئەندامی کوردی لیژنەکە، سێ ئەندامیان دانیشتنەکەیان بەجێهێشتووە.
ئەو سەركردەیە باسی لەوەشكردوە: "پەرلەمانتارە شیعەکان جۆرێک لە ئازادییان هەیە، وەک بینیمان دژی هەندێک بڕیاری سەرکردایەتی لایەنە شیعەکانیش بوون."
دەربارەی مەترسییەکانی کورد لە ئایندەی هەرێم و زیانی پرۆژە یاسای بودجە لە قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان، سەعد مەتڵەبی دەڵێت: "وەکچۆن کورد ترسی هەیە، هەندێک لایەنی شیعی و سونیش ترسیان لە هەرێم هەیە، خۆ ڕیفراندۆم دوور نیە و هەموومان لە بیرمانە."
مەتڵەبی نموونە دێنێتەوەو دەڵێت: "هەندێک لە سەرکردەکانی شیعە لەسەر بردنە دەرەوەی نەوت و پاڵپشتیکردنی حزبە کوردیەکانی ئێران و تورکیا متمانەیان بە ئیدارەی هەرێم نییە، لە هەردوولاوە هەم لە هەرێم و هەم لەبەغداش بێ متمانەیی هەیە."
سەعد مەتڵەبی وتی "گەر ڕێککەوتن ڕوونەدات، وەکو چارەسەر لە جیابوونەوە دەڕوانرێت، لەکاتێکدا جیابوونەوە کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە، چونکە میللەتی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژی جیابوونەوەن و پێی ڕازی نابن، زەرەرمەندی یەکەمیش لە جیابوونەوە گەلی کوردە، بۆیە پێویستە هەرێم جۆرێک لە نەرمی بنوێنێت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق."
لەكۆتاییدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کەسەرەنجام هەرێم و بەغدا لەسەر پرۆژە یاسای بودجە ڕێکدەکەون و هەرلایەکیان دەستبەرداری هەندێک لە خواستەکانیان دەبن.