بۆچى سەرۆکى وڵاتە عەرەبییەکان نەهاتن بۆ بەغدا؟.. هۆکارەکەى ئاشکرابوو
07:24 - 18/05/2025
زەمەن - کوردستانى
هۆشیار زێبارى وەزیرى پێشووترى دەرەوەى عێراق دەڵێت، هۆکارى بەشدارینەکردنى سەرکردە و ئەمیر و پاشاى وڵاتانى عەرەبى لە لوتکەى عەرەبى کە دوێنێ لە بەغداد بەڕێوەچوو بۆئەوە دەگەڕێتەوە، گرووپە چەکدارەکانى شیعە و بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان، ناسەقامگیرییان لە عێراق دروستکردووە و قسە و لێدوانەکانیان وایکردووە سەرکردەى زۆر وڵاتە نەیەتە عێراق.
هۆشیار زێباری، وەزیری پێشووتری دەرەوەی عێراق لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتى، 34ـەمین لووتکەی عەرەبی بەغدا بە هەستێکی دوولایەنە بەڕێوەچوو، حکومەت و ئەمینداریەتیی گشتیی کۆمکاری عەرەبی و جەنابی ئەمینداری گشتی هەوڵی ناوازەیان دا، لەبەرامبەردا هەڵوێستی سیاسییەکانی گرووپە چەکدارەکان و بەشێک لە لایەنەکان کە هەڵوێستێکی نەرێنییان بەرامبەر عەرەب نواند، لووتکەکەیان لە ئامادەبوونی پێویستی عەرەب لە وڵاتێکی "هاروونە ڕەشید" بێبەش کرد، ئەمەش پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە.
دوێنێ شەممە، 34ـەمین لوتکەی عەرەبی لە بەغدا بەڕێوەچوو، لە کۆی 22 وڵاتی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی، بە عێراقەوە سەرۆک و کەسی یەکەمی تەنیا شەش وڵات ئامادەبوون، بەوەش بووە خراپترین لووتکە لەڕووی ئامادەبوونی سەرکردەی وڵاتانەوە.