54 کوردستان

بەپەلە..سەرۆکی ئێران لەگەڵ چوار پارێزگارەکەی هەرێم کۆبۆوە

09:55 - 22/05/2025

زەمەن - کوردستانى

 

ئەمڕۆ سێشەممە، مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆمارى ئێران لەگەڵ پارێزگارەکانى هەرێمى کوردستان کۆبووەوە، پزیشکیان خواستى وڵاتەکەى بۆ پەرەپێدانى زياتری هاريكاريى هاوبه‌ش لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە. تیمى حکومەتەکەشى راسپارد بەدواداچوون بۆ یاداشتێکى پارێزگارى هەڵەبجە بکەن.

 

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگارى سلێمانى رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا  جەختی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاویی و وشکەساڵیی و، گەیاندنی هێڵی شەمەندەفەری کوردستان بە دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ و بەخشینی تایبەتمەندیی بە دەروازەکان کردووەتەوە.

 

نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بەوەکالەت رایگەیاند، کۆبونەوەیەکی دوو کاتژمێرییان لەگەڵ  مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمار کرد و، لە یاداشتێکی تایبەتدا داوایانکرد هاوکاریان بێت لە سۆراخی منداڵە ونبووەکانی کاتی کیمیابارانی هەڵەبجە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، چارەسەری بریندارانی چەکی کیمیایی، کردنەوەی مەرزی سازان، لەبەرامبەردا سەرۆککۆمار تێگەیشتنێکی زۆرى بۆ داواکارییەکانیان هەبوو، تیمی تایبەتی لە حکومەت راسپارد بۆ بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانیان و جێبەجێکردنیان.

 

هەروەها ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە هەژمارى تایبەتى خۆى لە فەیسبووک، نووسیویەتی، سەرۆكکۆماری ئێران، خۆشحاڵى خۆی به‌ ئاستی پەیوەندیی نێوان پارێزگا هاوسنوورەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران پیشاندا و پشتیوانیی خۆی بۆ ڕێککەوتنەکانی نێوانیان دوپاتکردەوە، هەروەها خواستی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی پیشاندا بۆ پێکەوەژیان و برایەتی و سەقامگیریی و ئاشتی لە ناوچەکەدا و جەختی لە بره‌ودانى زياتری هاريكاريى هاوبه‌شی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران كرده‌وه‌.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن