جیهان

ئەردۆغان بڕیاری گۆڕینى واده‌ى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنم له‌ ١٨ى حوزه‌یرانه‌وه‌ بۆ ١٤ى ئایار واژوو كرد

10:41 - 10/03/2023 105 جار خوێندراوەتەوە

زه‌مه‌ن - جیهانی
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەپێی ئەو دەسەڵاتەی کە لە ماددەی ١١٦هەمینی دەستووری تورکیادا هەیە، بڕیاری گۆڕینى واده‌ى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی له‌ ١٨ى حوزه‌یرانه‌وه‌ بۆ ١٤ى ئایار واژوو كرد.

ئەردۆغان دوا بەدوای دوای واژوو كردنی بڕیاری گۆڕینى واده‌ى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنەکان‌ بۆ ١٤ى ئایار، لە کۆشکی کۆماری روونکردنەوەی دا.

رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بە گۆڕینی وادەی هەڵبژرادنەکان دا و گوتی: "دوای ئەم بڕیارە کە لە رۆژنامەی فەرمی بڵاو دەکرێتەوە، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دەست بە رێککاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان دەکات. بەو پێیە، پشتیوان بە خودا گەلەکەمان لە رۆژی یەکشەممە ١٤ی ئایاردا دەچێتە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆمار و پەرلەمانتاران. هیوادارین بڕیارەکەمان سەبارەت بە گۆڕینی وادەی هەڵبژاردنەکان سوودی بۆ وڵاتەکەمان، گەلەکەمان، پەرلەمانی تورکیا و پارتە سیاسییەکانمان هەبێت".

بەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە ئەوان بڕیاری نوێکردنەوەی وادەی هەڵبژاردنەکانیان بۆ ١٤ی ئایار، راستەوخۆ دوای سەری ساڵ بۆ رای گشتی خستەڕوو، ئەردۆغان گوتی: "هەندێک لەو هۆکارانەی وای کرد بڕیاری گۆڕینی وادەی هەڵبژاردنەکان لە ١٨ی حوزەیرانەوە بۆ ١٤ی ئایار بدەین ئەوە بوو کە ١٨ی حوزەیران وادەیەک بوو کە هاوکات بوو لەگەڵ تاقیکردنەوەی زانکۆکان کە پەیوەندیی بە ئایندەی ملیۆنان گەنجەوە هەیە . دیسانەوە ئەم وادەیە هاوکات بوو لەگەڵ قۆناغێک کە سەدان هەزار هاووڵاتیمان لە تورکیا و دەرەوەی وڵاتەوە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج دەچوونە سعوودیە. بەهۆی ئەو هۆکارانەوە، هەڵسەنگاندنمان بۆ ئەوە کرد کە ١٨ی حوزەیران رۆژێکی تەندروست نییە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و بەرواری ١٤ی ئایارمان دەستنیشان کرد".

ئەردۆغان ئاماژەی بەوە دا کە چاوەڕوانی پاڵپشتی لە هەموو ئەو کەسانە دەکەن کە وەک کاندیدی سەرکۆمار لە هاوپەیمانی جمهوور کێبڕکیان لەگەڵدا دەکەن و هەوڵ دەدەن ببنە نوێنەر لە پەرلەمانی تورکیا و گوتی: "تورکیا رێگە بە سەرقاڵکردن و بەفیڕۆدانی کات و وزەی خۆی بە شێوەیەکی ناپێویست نادات".

سەبارەت بە کارەکانی هەڵبژادنەکان سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بەوە دا کە سەرجەم ئەو مۆسیقایانە قەدەغە دەکەن کە ئامادەیان کردوون، کەمپینەکان بێ مۆسیقا دەبێت، لە رێگەی کۆبوونەوەی دووقۆڵی ئەم کەمپینە بەڕێوەدەبەن و گوتی: "ئەگەر پرۆسەی ١٤ی ئایار بکرێتە هۆکارێک بۆ ململانێی سیاسیی و درۆ و هەڵمەتی بوختان، ئەوا ئۆباڵی ٨٥ ملیۆن کەسمان لە ئەستۆ دەبێت. دەمانەوێت ١٤ی ئایار بکەینە پێشبڕکێیەکی خێردار کە ئاسەواری کاولکارییەکەی ٦ی شوبات بسڕێتەوە".

سەرکۆمار ئەردۆغان تیشكی خستەسەر ئەوەی تورکیا، تاکو ئەو وێرانکاریی بوومەلەرزەکانی ٦ی شوبات هەڵنەستێنێتەوە، تاکو قەرەبووی زیانە ئابووری، کۆمەڵایەتی و دەروونییەکان نەکاتەوە ناتوانرێ بە متمانەوە بڕوانێتە ئایندە و گوتی: "لە پێناو ساڕێژکردنی برینی زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکان، سڕینەوەی تەواوی ئاسەوارەکانی کارەساتەکە مەرجە وڵاتەکەمان رۆژەڤی هەڵبژاردن بەجێبهێڵێت. کارنامەی ئێمە لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا دووبارە بریتی دەبێت لە ساڕێژکردنی برینەکانی لێقەواماوان و قەرەبووکردنەوەی زیانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی بوومەلەرزەکان".

ئەردۆغان ئاماژەی بەوە دا کە تێپەڕاندنی کاریگەرییەکانی بوومەلەرزە لە ناوچەکەدا و ئاساییکردنەوەی (دۆخی) وڵاتەکەیان لە رێگەی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەوە دەبێت کە بە ئیرادەیەکی سیاسیی بەهێز دەدرێن و گوتی: "هەرکەسێک داوای بەربژێربوون لە پارتەکەمان دەکات، پێویستە سەرەتا بڕە پارەیەکی دیاریکراو بخاتە سەر هەژمارەکانی ئافاد تایبەت بە هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکان".

سەرکۆماری تورکیا، ئەردۆغان سەبارەت بەو خانووانەی کە بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکان دروست دەکرێن ئاماژەی بەوە دا کە خانووەکان قۆناغ بە قۆناغ تەواو دەکرێن و گوتی: "سوورین لەسەر کارکردن تاکو شوێنی نوێ، پارێزراو و ئاسوودە بۆ سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار مرۆڤمان دابین دەکەین. ئامانجمان ئەوەیە لە میانی ساڵێکدا کۆی گشتی ٣١٩ هەزار خانوو لە گوند و شارەکان (لە ناوچە کارەساتبارەکاندا) تەواو بکەین و دەستبەجێ رادەستی خاوەنەکانیان بکەین".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ