وەزیری دارایی چەند داواکاریەکی قەزای دەربەندیخان و ناحیەی زەڕایەن جێبەجێ دەکات
07:35 - 02/02/2023
زەمەن_سلێمانى
وەزیرى دارایی
هەرێم لەگەڵ قایمقامی قەزای دەربەندیخان و بەڕێوەبەری
ناحیەی زەڕایەن کۆبووەوە و چەند داواکارییەکیان بۆ جێبەجێ دەکات.
ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٣/٢/٢، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری
لەسلێمانی پێشوازی کرد لە هەریەک لە سلێمان محەمەد قایمقامی قەزای دەربەندیخان و
ئاوارە حەمە شەریف بەڕێوەبەری ناحیەی زەڕایەن.
لە دیدارێکدا وەزیری دارایی گوێبیستی چەند داواکاریەکی بەرپرسانی ناوچەکە
بوو، کە خۆی لە کێشەکانی بەردەم پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەو کەرتی تەندروستی و ڕێگاوبان
دەبینیەوە.
لای خۆشیەوە وەزیری دارایی و ئابوری ڕایگەیاند " ئەو داواکاریانەی پەیوەندی
بە وەزارەتی داراییەوە هەیەو لە دەسەڵاتی وەزیردایە بەزوترین کات بۆیان جێبەجێ دەکرێت".
هاوکات بڕیاریدا، چارەسەری گرفتی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان
و چارەسەری گرفتی دارایی هەردوو پردی گوندی زەڕایەنی کۆن لەسەر پڕۆژەی دوو سایدی زەڕایەن
_ دەربەندیخان بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد لەگەڵ پارێزگارو بەڕێوبەرایەتییە گشتیەکانی وەزارەت هەوڵ
بۆ جێبەجێکردنی داواکاریەکانی تریان دەدەن.