265 عیراق

عێراق رێگای "كەناڵی وشك" لە بەسرەو تا توركیا دروست دەكات

09:39 - 07/12/2022

زەمەن

لە کۆنفرانسی بەندەری گەورەی فاو کە لە شاری بەسڕە لە باشووری عێراق بەڕێوەچوو، باس لە پرۆژەی سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی بەندەری فاو و رێرەوی "کەناڵی وشک" کرا کە پێشبینی دەکرێت هێڵی ئاسنین و پرۆژەی رێگاوبان لە خۆبگرێت و تاکو سنووری تورکیا درێژببێتەوە.


دوومین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی "بەکارخستنی بەندەری گەورەی فاو و دروستکردنی کەناڵی وشک" لەلایەن کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق و بە سپۆنسەری وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بەڕێوەچوو.

لە کۆنفرانسەکەدا جگە لە کاربەدەستانی کۆریای باشوور، تورکیا و وڵاتانی ناوچەکە، کەسانی ئەکادیمی، دامەزراوە هزرییەکان و زانکۆکانی عێراق تێیدا بەشداربوون، تاوتوێی پێشهاتەکانی بەندەری گەورەی فاو کە پرۆژەی دروستکردنی هێشتا بەردەوامە و پرۆژەی "کەناڵی وشک" کە لە بەسڕەوە دەستپێدەکات و تاکو تورکیا درێژدەبیتەوە و هێڵی ئاسنیی و رێگاوبان لە خۆدەگرێت، کرا.

پێشبینی دەکرێت، بەندەری گەورەی فاو کە لەلایەن کۆمپانیان دایۆی کۆریای باشوورەوە دروستدەکرێت، دوای تەواوبوونی ببێتە یەكێک لە گەورەترین بەندەرەکانی ناوچەکە.

هاوکات رێڕەوی "کەناڵی وشک" لە بەندەری فاوەوە دەستپێدەکات و بە شارەکانی دیوانییە، نەجەف، کەربەلا، بەغدا و مووسڵ تێدەپەڕێت و دەگاتە سنووری تورکیا و لە سنووریشەوە دەگاتە بەندەری مێرسین.

د. چاغلار تاباک، نوێنەری وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا لە بابەتی تۆڕی گواستنەوە و بازرگانیی ناوچەیی وێستگەیەکی گرنگە و رایگەیاند تورکیا رێڕەوێکە لە نێوان ئاسیا و ئەورووپا.
تاباک باسی لە هێزی توانای بەندەرەکانی دەریای رەش و دەریای سپی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە لە پرۆژەکانی قۆناغی ئایندەدا حکوومەت توانای ئەو بەندەرانە بەهێزتر دەکات.

د. چاغلار تاباک ئاماژەی بەوەشکرد کە پرۆژەی بەندەری گەورەی فاو زۆر گرنگە و وتی: "تورکیا ئامادەی هەماهەنگییە لەگەڵ عێراق".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن