محەمەد سودانی هەڕەشەی توند لە گەندەڵكاران دەكات
07:03 - 06/12/2022
زەمەن
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، رایگەیاند: ھەڵوەستەیەکی تایبەتیان دەبێت بەرامبەر گەندەڵکارە گەورەکان، تەنھا بەدوورخستنەوەیان ناوەستن، بەڵکو لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکەن.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سودانی، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ عەبدولئەمیر شممەری وەزیری ناوخۆ و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای ئەمنی دیکە لە وەزارەتی ناخۆ رایگەیاندووە: "ھەڵوەستەیەکی تایبەتیمان دەبێت بەرامبەر گەندەڵکارە گەورەکان، تەنھا بەدوورخستنەوەیان ناوەستین، بەڵکو لێپێچینەوەشیان لەگەڵدا دەکەین".
سەرۆک وەزیرانی عێراق وتوویەتی: "خۆمان بە گەندەڵکارە بچووکەکانەوە سەرقاڵ ناکەین، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە وازیان لێ بھێنن، بەڵکو لە گرتنبەری رێکارە یاساییەکان لەبەرامبەریان بەردەوام دەبین".
محەمەد شیاع سودانی، ئاماژەی بەوەیشداوە "لێپێچینەوە لە گەندەڵکارە گەوەرەکان دەکەین، چونکە ئەوان بەرپرسن و خاوەنی بڕیارن، ھەروەھا دەسەڵاتی گەورەیان ھەیە، بەرپرسی ژمارەیەکی زۆری فەرمانبەرانن، ئەوانە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت بە ھێندەی ئەو بەرپرسارێتیی و ئەمانەتەی کە لەسەر شانییانە".