بزوتنەوەى گۆڕان: پاشەکشەی دیموکراسی و حوکمڕانی بە ئاراستەی ئەمنیی، مەترسییە لەسەر ئێستا و داھاتو
10:03 - 24/11/2022
زەمەن - سلێمانی
بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ پاشەکشەی دیموکراسی و حوکمڕانی بە ئاراستەی ئەمنیی، مەترسییە لەسەر ئێستا و داھاتوی ھەرێمی کوردستان، دەشڵێت: کورد بە یەک دەنگیی لە بەغداد دەتوانێت مافە دەستورییەکانی بپارێزێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (٢٤/١١/٢٠٢٢)، فیلێکس بێنگتسۆن، جێگری باڵیۆزى سوید لە عێراق سەردانی مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕانیان کرد و لەلایەن ھۆشیار عومەر عەلی، رێکخەری ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و شوناس شێرکۆ جدی، ئەندامی ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان پێشوازییان لێکرا. لە کۆبونەوەکەدا دۆخی کوردستان و عێراق و پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ گفتوگۆیان لەسەر کرا.
بزوتنەوەی گۆڕان پاشەکشەی دیموکراسی و حوکمڕانی بە ئاراستەی ئەمنی بە مەترسی لەسەر ئێستا و داھاتوی ھەرێمی کوردستان دەزانێت. پێشێلکاری ئازادییە سیاسییەکان و شارستانیەکان بە تایبەت ئازادی بیروڕا و رۆنامەوانی و خۆپیشاندان. دەستگیر کردنی رۆژنامەنوس و چالاکوان و خوێندکاران پێشێلکردنی زەقی پرەنسیپە دیموکراتیەکانە. بڕیار بەدەستان پێچەوانی دیموکراسی و ئازادی دەجوڵێن کە ئەمەش پشتکردنە لەو ئامانجانەی کورد زیاتر لە ١٠٠ ساڵ تێکۆشانی بۆ کردوە.
شاندی گۆڕان باسیان لەوەکرد، تەنیا بژاردە بۆ چارەسەر و ئیدارەی ناکۆکیەکان رێگەی گفتوگۆ و دانوستاندنە، گرنگە کورد کێشەکانی نەباتە بەغداد و بۆ ئێستا و داھاتو کورد یەک گوتار بێت و بە یەک دەنگ لە بەغداد دەتوانێت مافە دەستورییەکانی بپارێزێت.
لای خۆیشییەوە فیلێکس بێنگتسۆن، جێگری باڵیۆزى سوید لە عێراق جەختی کردەوە کە دانوستان رێگەی چارەسەری کێشەکانە.