ئێران خوشكەزایەكی عەلی خامنەیی دەستگیركرد
10:17 - 24/11/2022
زەمەن
لە کاتێکدا هێشتا خۆپیشاندانەکان لە ئێران و بەتایبەت ناوچە کوردنشینەکانی باکووری ڕۆژئاوای وڵات بەردەوامە، مەحمود مورادخانی، برای چالاکی مەدەنی فەریدە مورادخانی و خوشکەزای عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، ڕایگەیاند کە خوشكەكەی دەستگیر کراوە.
ناوبراو، ئێوارەی دوێنێ لە تویتێکی کورتدا لە ڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر، ئاماژەی بەوەکرد، خوشکەکەی دەستگیرکراوە و براوەتە زیندان، دوای ئەوەی لەلایەن سەردانی دادگای "ئەڤین"ی كردوەتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەکی زیاتر بخاتەڕوو.
هەندێك لە چالاکوانان پێیانوایە دەستگیركردنەكەی بۆ فشارخستنە سەر لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان و هەندێکی دیكە پێیان وایە فەریدە بە مەبەستی فشارخستنە سەر دایکی و ڕێگریکردن لە ئاشکراکردنی ئەوەی کە لەبارەی براکەی (خامەنەیی) دەزانێت، دەستگیرکراوە.
هەروەها فەریدە لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوودا دەستبەسەر کرابوو، دوای ئەوەی لە شیعرێكدا ستایشی فەرەح پەهلەوی هاوسەری شای پێشووی ئێرانی كردبوو. بەڵام دەستگیرکردنی ئەمجارەی دوای چەند مانگێک دێت لەو هەڵمەتەی بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی دەستیپێکرد بوو.
فەریدە مورادخانی، کچی عەلی مورادخانی ناسراو بە "شێخ عەلی تەهرانی" ، هاوسەری بەدری حوسێنی خوشکی ڕێبەری ئێرانە و یەکێک بووە لە پیاوانی ئاینی دژ بە ڕژێمی پێشووی پەهلەوی.
هەروەها نووسەر و بانگخوازێکی ناسراوی ئێرانییە کە لە ساڵی ١٩٧٩دا پشتیوانی شۆڕشی خومەینیی کردووە، هەروەها نوێنەرایەتی پارێزگای خوراسانی کردووە لە ئەنجومەنی شارەزایانی دەستوور.بەڵام دواتر لادانی و دژایەتی ڕژێمی کرد، بۆیە چەند مانگێک لە زیندانی مەشهەد بەسەر برد.
دوای ئازادبوونی لە زیندان لە مانگی نیسانی ساڵی 1984، بە نهێنی بەرەو عێراق هەڵدێت و ساڵانێک لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی فارسی زمان لە بەغدا کاری کردووە و بەشداری بەرنامە تەبلیغییەکانی دژ بە ڕژێمی ئێرانی کردووە.
بەڵام لە ساڵی 1995 گەڕایەوە ئێران و سزای 20 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، لە ساڵی 2000دا راگەیەندرا کە لەناو زیندان خۆی کوشتووە.
بەڵام بنەماڵەکەی هەواڵی خۆکوشتنەکەی ڕەتکردەوە و کوڕەکەی بە ناوی مەحمود مەرادخانی وتی "باوکی لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە".