تەندروستی

هۆکار و چارەسەری ماندوبوونی قاچەکان

03:48 - 17/09/2022 148 جار خوێندراوەتەوە

زەمەن _ تەندروستی

دکتۆر _ ھەڤین کەمال شا محەمەد

 

ھۆکار زۆرە کە ماندووبوون دروست دەکات لە قاچدا، کەلەوانەیە ئازار و گرژی و کزانەوەی لەگەڵدا بێت یاخود نا.


ھەستکردن بە ماندووبوون مەرج نیە نەخۆشی بێت، بەڵام گرنگە کە گرنگی بەجەستەمان بدەین، کاتێک ھەست بەماندووبوون دەکەین.


گرنگترین ھۆکارەکانی:

١- بەکارھێنانی زۆر و خراپ بەکارھێنان: بەتایبەت ئەو کەسانەی کەپێشتر کەمتر بەکاریان ھێناوە ، وەگرنگە کە بەکارھێنانی بەپێی توانای جەستەی خۆت بێت.


٢- کەم بەکارھێنان : ئەمیش ھۆکارێکە بۆ ماندووبوون، بەتایبەت ئەوانەی ماوەیەکی زۆر دادەنیشن یاخود پاڵ دەکەون.


٣- گرژبوونی ماسولکەکانی قاچ: کەئەمیش دەبێتە ھۆی ھەستکردن بە ماندوویەتی، پێویستە لەو کاتەدا پشووی تەواو بە قاچەکان بدرێت ھەتا نیشانەکان نامێنن.


٤- کەمی پۆتاسێۆم : کاتێک ڕێژەی پۆتاسێۆم کەمدەبێت لەلەشدا، لەوانەیە ئەم نیشانانەی تریشی لەگەڵدا بێت:


- بێتاقەتی

- بێھێزی

- گرژی قاچەکان

- قەبزی


٤- دەوالی : کاتێک خوێنھێنەرەکان بەباشی کارناکەن، خوێن تیایاندا کۆدەبێتەوە، خوێنھێنەرەکان گەورە دەبن و دەئاوسێن.


٥- کەمبوونەوەی سوڕی خوێن بۆ قاچەکان : لەم حاڵەتەدا خوێن بەباشی ناتوانێت بگواسترێتەوە بۆ پەلەکانی خوارەوەو گەڕانەوەی خوێنیش بەباشی نابێت بەرەو دڵ بۆیە ھەڵئاوسان دروست دەبت لە قاچ و پێی و قولەپێدا.


٦- دوو گیانی: کە ھەڵئاوسان و ماندووبوون بەھۆی ئەم ھۆکارانە دەبێت:


- گۆڕان لە ھۆرمۆندا.


- کوبوونەوەی شلە و ئاو لەخانەکاندا.


- زیادبوونی فشاری سەر خوێنھێنەرەکان.


٧- نەخۆشی (MS):


قورسبوون و ماندووبوونی قاچەکان یەکێکە لە دیارترین نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە، دیاریکردنی ئەم نەخۆشییە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە دەبێت.


چۆن چارەسەری ماندووبوونی قاچەکانم بکەم؟


١- شانەکردنی وشک: ئەمیش بە فڵچەی تایبەت دەکرێت، کەیارمەتی چالاک کردنی سوڕی خوێن دەدات، سوڕی لیمف چالاک دەکات، وزەی زیاتر دەدات بەقاچەکان، جگە لەوەی خانەکانی پێست تازەدەکاتەوە.


شانەیەک بەکاربھێنە یاخود فڵچەیەک کەدانەکانی سروشتی بن و ڕەق نەبن، لە پێیەکانتەوە دەست پێبکەو بەرەو قاچ و بەرەو دڵ، ئەمە بۆ ماوەی (١٠-١٥)خولەک بکە پێش حەمامێکی سارد.



٢- حەمامی گەرم: چوونە ناو حەمامی گەرم یارمەتی خاوبوونەوەو ڕیلاکسەیشن دەدات، سوڕی خوێن چالاک دەکات، دەتوانیت ٢ کوپ خوێی ئینگلیزی " خوێی دەریا" یاخود سۆدەی نان بکەیتە تەشتی حەمام یاخود بانێۆکەوە بۆ ماوەی بیست خولەک.


٣- حەمامی قاچ: شوشتنی قاچەکان یارمەتی پشوودانی قاچەکان دەدات بە کەمکردنەوەی ئازار و ئاوسان و ھەوکردن، باشترە تەشتێک یاخود سەتڵێک ئاوی شلەتێن بێنیت و یەک کوپ سرکە یاخود خوێی زبری تێبکەیت و بۆ ماوەی بیست خولەک قاچەکانتی تێبکەیت.


٤- سرکەی سێو: ھەندێک لەتوێژینەوەکان دەڵێن، چەورکردنی قاچەکان بەسرکەی سێو نیشانەکانی دەوالی کەمدەکاتەوە، وەکو گرژبوون و ئازار و ماندووبوون.


٥- ڕێگای ڕایس (RICE):


‏R : پشوودان بە قاچەکان


‏I: ئایس بە واتای دانانی سەھۆڵ لەسەر قاچەکان


‏C: کۆمپرێشن بەمانای بەستنی قاچەکان بە سپلینتی تایبەت یاخود بە باندج


‏E: ئیلیڤەیشن بە مانای بەرزکردنەوەی قاچەکان، دانانی.


لەسەر گۆشە بۆ کەمکردنەوەی ئاوسان و ناڕەحەتی.


٦- مەساجکردن و شێلان.


٧- وەرزشی ئاسان و سادە : ھەندێک وەرزشی ئاسان یارمەتی کەمکردنەوەی ماندووبوونی قاچەکان دەدەن، بۆنموونە:


- دانانی تۆپێکی تێنس لەژێر پێیەکاندا و جوڵاندنی.


- قولەپێت بجوڵێنە بەشێوەی میللی کاتژمێر، یان ھەوڵبدە لەسەر زەوییەکە بازنەیەک بکێشیت. دەتوانیت ئەم وەرزشە بکەیت لە کاتێکدا دانیشتویت یان بەسەر پێوەیت.


- قاچەکانت بەرزبکەرەوە یاخود سکوات ئەنجامبدە.


- کاتێک بەسەر پێوەیت ھەوڵ بدە لاسەر پەنجەی پێیەکانت خۆت بەرزبکەیتەوەو دووبارە پێیەکانت دابەزێنیتەوە بۆ زەوی.



سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن