مهکتەبی سیاسیی پارتی له راگهیهنراوێكدا بۆچونی خۆی لهسهر ههڵبژاردنی پێشوهخت خستهروو
10:35 - 13/08/2022
زهمهن – ههرێمی
كوردستان
مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیهندراوێکی لەبارەی دۆخی سیاسیی عێراق و ئەنجامدانی
هەڵبژاردنی پێشوەختە بڵاوکردەوە و "ناڕەزایی و ناڕەحەتی" خۆی لەبارەی دۆخ
و تەنگژەی سیاسیی ئێستای عێراق دەردەبڕێت.
ههروهها مەکتەبی سیاسیی
پارتی رایگەیاند، دەتوانرێت رێککەوتن بکرێت لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە
لە عێراق، دوای ئەوەی ھەموو لایەنەکان رێککەوتن؛ هەروەها داوا دەکات لایەنە سیاسییەکان
بەڵێن بدەن کە "بە ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکە رازی دەبن."
دەقی راگەیهندراوەکەی
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان:
سەبارەت بە
بارودۆخ و ئاڵۆزیە سیاسییەکانی ئەم دواییەی عێراق پارتی دیموکراتی کوردستان ناڕەزایی
و ناڕەحەتی خۆی لە ھەمبەر بارودۆخ و تەنگەژەی سیاسی ئێستای عێراق دەردەبڕێت.
روونە کە ھەر لە
سەرەتای راگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی عێراق کە لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2021 ئەنجامدرا،
ئەو دەرھاویشتە و کێشە و ئاڵۆزی و پێشھاتانەی دوای ھەڵبژاردن بوونە تەنگەژەیەک لەھەمبەر
دامەزراندنی حکومەتی نوێی عێراق لەسەر بناخەیەکی دەستووریی باوەڕپێکراو و لەسەر بنەمای
سیستمی سیاسیی ئێستای عێراقدا لەئاکامدا وڵات گەیشتە لێواری باردۆخێکی سیاسیی
داخراو.
لە روانگەی ھەستکردن
بەوپەڕی بەرپرسیارێتی و لەپێناو بەرژەوەندی وڵاتدا و بۆ پاراستنی عێراق لەو مەترسیانەی
کە لە قۆناخی ئێستایدا رووبەڕووی دەبێتەوە داوا لە سەرجەم سەرکردە ساسییەکانی سەر
گۆڕەپانی عێراق دەکەین کە لە ئاست بەرپرسیارێتی قۆناخی ئێستادابن و داواش لە ھەموو
لایەنەکان دەکەین ھەنگاوی جیدی و پێویست و بەپەلە بگرنە بەر بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی
بەرھەمدار و سەرکەوتوو لەسەر بناغەی پشت بەستن بە بنەماکانی دەستووری عێراق بۆ
رزگارکردنی وڵات لەو دۆخە چەقبەستوویەی ئێستایدا.
ھەربۆیەش لەپێناو
ئەنجامدانی پڕۆسەی چاکسازی و گۆڕانکاری راستەقینە و باشترکردنی بارودۆخی ئێستای عێراق
دەتوانرێت رێککەوتن بکرێت لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دوای ئەوەی ھەموو
لایەنەکان رێکبکەون و بەڵێنی ئەوەش بدەن کە بە ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکان رازی
دەبن وەک خۆی و ئەزموونی ھەڵبژاردنەکانی رابردووی عێراقیش دووبارە نەبێتەوە.