602 کەلتور

ئەمڕۆ یادی 50 ساڵەی کۆچی دوایی حەسەن زیرەکە

12:54 - 26/06/2022

كولتووری زەمەن

پەنجا ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژی 26/6/1972 دا، هونەری کوردی یەکێک لە دەنگە ڕەسەنەکانی خۆی لە دەست دا. دەنگێک کە لە یەکەم ساتی بیستنییەوە تائێستا، لە گوێی نەوە لە دوای نەوەدا تازە دەبێتەوە و چێژی دەداتەوە، دەنگێک کە بەردەوام لێکۆڵیارە هونەرییەکان لێی دەکۆڵنەوە و هێشتاش لە کەناردان و نەگەیشتوونەتە قوڵایی. دەنگێک کە وەکو خەزنەیەکی دەوڵەمەند بە میرات ماوەتەوە و بەشی ئێستا و داهاتووش دەکات.

 

حەسەن زیرەک چل و شەش ساڵ ژیا، بەڵام ژیانێکی پڕ لە بەرهەم، کە هەندێک سەرچاوە ئاشکرای دەکەن لەماوەی ژیانە پڕ لە چەرمەسەری و ئاوارەیی و زیندانییەکانیدا، نزیکەی 105 کاسێتی لە تۆمارگاکاندا هەیە.

مامۆستا عادل محەمەد کەریم، بیرمان دەخاتەوە کە حەسەن زیرەك بە نەخوێندەواری ئەم هەموو بەخششەی پێشكەش بە ڕەوتی هونەری گۆرانیی و موزیکی كوردی كردووە. جێی خۆیەتی بپرسین ئەگەر حەسەن زیرەك خوێندەوار بوایە و هەلی خوێندنی لە ناوەندە هونەرییەكان بۆ بڕەخسایە، هەروەها ئەگەر كوردیش نەبوایە و هونەرمەندێكی نەتەوەیەك بوایە كە پێگە و قەوارەی سیاسیی تۆكمە و ئاڵا و سەربەخۆییان هەبوایە، دەبوو چیی لێ دەربچوایە؟ هونەرمەند سەڵاح ڕەووفیش باس لەوە دەکات ئەو هونەرمەندە دەنگبێژانەی وەک و حەسەن زیرەک و هاوتاکانی، ئەشێ میللەتی کورد هەردەم شانازییان پێوە بکات “چونکە هەرئەوانن تائێستاش بونەتە مایەی مانەوی ئەو کەلتورە گەورەیەی میللەتەکەمان” بە بۆچوونی مامۆستا سەڵاح، تائێستا کەم هونەرمەندی موزیکزان هەیە توانیبێتی لەگەڵ ئەو ئاوازە ڕەسەنانەی میللەتەکەماندا کارێکی گونجاوبکات، بۆ زیاتر پاراستنیان یان فراوانکردنیان.

مامۆستا عادل وای بۆ دەچێ ئێمەی كورد هاوشێوه‌ی عەرەبەكان چۆن شانازی بە ئوم كەلسوم و محەمەد عەبدول وەهاب و عه‌بدولحه‌لیم حافز، یان فارسەكان بە ئیرەج و شەجەریانو دەيانى تريانەوە دەكەن، دەبێت ئێمەش شانازی بە هونەرمەندێكی بلیمەتی وەكو حەسەن زیرەكەوە بكەین و دەشڵێت: خودی حه‌سه‌ن زیره‌ک و بلیمه‌تیو هونەرەكەی ئه‌وه‌نده‌ مه‌زنن، دەیان و سەدان لێكۆڵینەوەی زانستی هەڵدەگرن، که‌ جگه‌ له‌لا‌یه‌نه‌ هونه‌رییه ‌ره‌هاکه‌ی، چه‌ندین لایەنی شاراوەی هەیە که‌ ئاشکرا نین، له‌وانه‌ لایەنی سایكۆلۆجیی و سۆسیۆلۆجی حەسەن زیرەك و بەستنەوەی بە كارەكانیه‌وه. 

مامۆستا سەڵاح ڕەئوف، لە یادی مەرگی حەسەن زیرەکی هونەرمەنددا گلەیی لە هەندێک دەزگای هونەری دەکات کە هەڵدەستن بە نووسینەوەی نۆتەی ئاوازەکانی ئەو گۆرانیبێژانە “ بەڵام مەخابن لەسەر هەمان هەڵەو کۆسپەکانی بواری مۆسیقا کە لەڕێی زەریاب و فارابییەوە  گەیەنراونەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەر ئەو هەڵانەیە تائێستاش بوونەتە کۆسپ لەڕێی هونەری میللەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و کوردی بەتایبەتی.

هونەرمەند سەڵاح ڕەئوف پێی باشە هونەرمەندانی موزیکزانی کورد، ئەو دەنگەی زیرەک و هاو شێوەکانی،  بەڕێگایەکی زانستی بنووسنەوە و دوور لەهەڵەکانی  نووسینەوەی ئێستای مۆسیقای ڕۆژهەڵاتی، کە بووتە هۆکاری فراوان نەبوون و پەرەسەندنی مۆسیقای ڕۆژهەڵاتی بەگشتی و مۆسیقای کوردی بەتایبەتی.


بێگومان لە باشووری کوردستان، خەڵکانێکی زۆر هەن کە شەیدای گۆرانییەکانی زیرەکن و بەردەوام گوێی لێدەگرن، وشیار حەمەبۆر وەک گەنجێکی کاسپکار، هێندەی هونەرمەند و موزیسیانەکان شارەزایی لە دەنگی حەسەن زیرەکدا هەیە و وەک خۆی باسی کرد هەر لە تافی منداڵییەوە گوێی لێ دەگرێت و زانیاریی لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی کۆدەکاتەوە، وشیاری عاشقی زیرەک لە وەسفی حەسەن زیرەکدا دەڵێت: حەسەن زیرەک لەو دەنگە کاریگەرانەیە کە گوێگر بۆ لای خۆی پەلکێش دەکات، ئەو گەرووە سازگارە پڕاوپڕ کوردییە، غەم و برین و ئازارەکانمانی لە دەنگی خۆیدا بارکردووە، هەر بۆیە دەنگی ئەم هونەرمەندە مەزنە دەبێت بە هەتوانێک بۆمان، زیرەک لەرێی وشە کوردییەکانەوە گۆرانییەکانی ئارایش کردوون.

وشیار باس لەوەش دەکات ئەو هەستکردن بە غەریبی وگەڕانە بەردەوامەی حەسەن زیرەک، دونیابینی هونەری فراوان کردووە و توانا شاراوەکانی پتر دەرخستوووە “ نهێنی زۆری لە دەنگ و گۆرانییەکانیدا بۆ جێهێشتووین، کەجێی تێڕامان و لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستین”.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن