نیشانەکانی کەمی ڤیتامین B6 لە لەشدا
02:22 - 22/06/2022
1161 جار خوێندراوەتەوە
زەمەن _ تەندروستی
دکتۆر _ ھەڤین کمال شاە محمد
ئەم ڤیتامینە زۆر پێویستە بە ڕێژەی پێویست لە لەشدا
ھەبێت ، لەبەر ئەوەی زۆر ئەرکی سەرەکی ھەیە لە لەشدا ، بۆ نمونە کاریگەری ھەیە لەسەر
باری دەروونیت ، لەسەر شەھیەت بۆ خواردن ، لەسەر بیرکردنەوەت ، لەسەر نوستن ، لەسەر
بەرگری لەش لەدژی ھەوکردن ،پێویستە بۆ گۆرینی خۆراک بۆ ووزە ، بۆ گواستنەوەی خۆراک
و ئۆکسجین بۆ ھەموو بەشەکانی لەش.
ڕۆژانە پێویستە لە مناڵی ساوادا بڕی 0.3mgبدرێت ، لەگەڵ گەورە بوندا ئەم بڕە زیاد
دەکات ، لە مرۆڤێکی کامڵدا ئەگەر ئافرەت بێت بڕی 1.5mgلە ڕۆژێکدا ، بۆ پیاویش بڕی 1.7mg لە ڕۆژێکدا ، بۆ
ئافرەتی دووگیان بڕێکی زیاتر پێویستە 1.9mg لە ڕۆژێکدا.
گرنگترین نیشانەی کەمی ئەم ڤیتامینە:
١-کەمی ئەم ڤیتامینە
ئەبێتە ھۆی کەم خوێنی ، کە بەبەردەوامی ھەست بە بێتاقەتی و ھیلاکی دەکەیت .جگە لەمە
کەمی ئاسن و ڤیتامین B12و فولک اسید یش ھۆکارێکی کەی کەم خوێنین.
٢-سوربونەوەو
خوران لەسەر پێست زیاتر لە سەر پێستی دەموچاو کە پێی دەوترێت (sborrhic dermatitis).
٣-شەق شەق بوونی
لێو و لێوارەکانی لەگەڵ ئاوسانی زماندا.
٤-دابەزینی بەرگری
لەش ، واتە زوو زوو توش بوون بە پەتاکان و ھەوکردن.
٥- ھەست کردن بە
سڕی و دەرزی ئاژەنین لە ھەردوو دەست و قاچ دا.
٦-منداڵی ساوای
گرینۆک بێ ھۆکار لەوانەیە نیشانە بێت بۆ کەمی ڤیتامین B6ئەمەش کاتێک ڕوودەدات کە مناڵ بەس شیری مەمکی دایکی بخوات لەدوای شەش
مانگیش ، ھەروەھا زۆر کەمی ئەم ڤیتامینەش ئەبێتە ھۆی ڕوودانی گەشکە لە مناڵی
ساوادا.
٧-ژنی دووگیان بەتایبەتی
لە ٣ مانگی یەکەمدا ، ئەگەر ھەستی بە دڵ تێکەڵھاتن و ڕشانەوە کرد لە بەیانیاندا پێویستە B6 بەشێوەی سپڵیمینت وەرگرێت.
٨- ڤیتامین B6ئیشی مێشک ڕێک دەخات لەبەرئەوە بیرچونەوە
، کەمی تەرکیز ، ھەست کردن بە دڵتەنگی بە تایبەتی لە پیرەکاندا لەوانەیە نیشانەی کەمی
ئەم ڤیتامینە بن.
٩-کەمی ئەم ڤیتامینە
لەوانەیە ڕێخۆشکەر بێت بۆ توشبوون بە شێر پەنجە ، توێژینەوەکان سەلماندویانە کەئەوانەی
شێر پەنجەی گەدە و سورێنچکیان ھەیە زۆربەیان ڤیتامین B6 یان کەم
بووە بەڵام ھۆکارەکەی نەزانراوە.
_سەرچاوەکانی ڤیتامین B6لەم خۆراکانەدا ھەیە:
پەلەوەرەکان ، گۆشتی سوور ، ماسی بەتایبەتی جۆری
(سلمون ، تونا )، پەتاتە ، گەنمە شامی ، نۆک ، پاقلەمەنیەکان.
_ھۆکاری کەمی ڤیتامین B6:
١- کەم خواردن بەتایبەتی
لە پیرەکاندا کە ناتوانن ھەموو جۆرە خۆراکێک بخۆن.
٢- ھەندێ نەخۆشی
گورچیلە.
٣- ھەندێ نەخۆشی ڕیخۆڵەکان
کە تیایدا ئەم ڤیتامینە بە بڕی پێویست ھەڵنامژرێت.
٤- بەکارھێنانی
ماددە کحولیەکان بە ڕێژەیەکی زۆر.
_شێوازی چارەسەرکردن:
ئەویش بە وەرگرتنی ئەم ڤیتامینە بە شێوەی سپلیمێنت
کە لە زۆربەی ملتی ڤیتامینەکاندا ھەیە ، یان ھەر بە تەنیا.. بەڵام ئەبێت لە ژێر
چاودێری پزیشکا بێت چونکە زۆر بەکارھێنانی ئەبێتە ھۆی تێکشکاندنی دەمارەکان یا خود
دڵ تێکەڵ ھاتن و کزانەوەی گەدە ، لە ڕۆژێکدا نابێت زیاتر لە 100mg وەربگیرێت.