چەند ڕێنماییەك بۆ خۆپاراستن لەسكچوون و ڕشانەوە
03:20 - 20/06/2022
357 جار خوێندراوەتەوە
زەمەن _ تەندروستی
د.پروشە شوان پزیشكی گشتی و پسپۆڕی خۆراك و كێش
باس لەچەند ڕێنماییەك دەكات بۆ خۆپاراستنی هاوڵاتیان لەسكچوون و ڕشانەوە بەتایبەت
كەلەم وەزرەدا پەتایەكی سكچوون و ڕشانەوە بڵاوبۆتەوە.
ئەو پزیشكە دەڵێت پەتای توندی سكچوون و ڕشانەوە
بڕێكی زۆر شلەمەنی و كانزا لەجەستە دەكاتە دەرەوە و زۆر گرنگە قەرەبووی لەدەستدانی
شلەمەنی و كانزاكان بكرێتەوە بۆ دووركەوتنەوە لەووشكبوونەوە، دەبێت هەموو شلەمەنیە
سروشتیەكان و میوە و سەوزەكان لەخواردنەكان جێبكرێنەوە.
ڕێنمایی كاتی تووشبوون بەسكچوون و ڕشانەوە:
-ئەو خواردنانەی
لەكاتی توشبوون بەپەتای سكچوون و ڕشانەوە بەكاردەهێنرێت دەبێت ئاسان بێت بۆ هەرسكردن
و سووك بێت لەسەر گەدە لەگەڵ دووركەوتنەوە لەبەكارهێنانی ڕۆنی ناتەندروست و بەهاراتی
تیژ و زیادە.
-پێویستە ژەمەكان
لەشێوەی شۆربای مریشك بێ زیادكردنی زەیت یان شۆربای سەوزەواتی كوڵاو و نەعنا یان نیسك
یان برنجی نەرمكراوی بێ ڕۆن بێت.
-ڕۆژانە نەخۆش پێویستی
بەدوو لیتر یان زیاتر ئاو هەیە بەپەرداخ یان هەندێك حاڵەت قوم قوم بخورێتەوە، پێویستە
ئاگاداربین زۆر خواردنی شلەمەنی و ئاو زۆر
بەسەریەكەوە و لەیەك كاتدا دەبێتە هۆی ئەوەی نەخۆشەكە هەست بەدڵتێكهەڵاتن یان ڕشانەوەی
زۆر بكات.
-ئەوەی گرنگە لەكاتی
سكچوون و ڕشانەوە ئەو خۆراكانەیە بەكاربهێنرێت كە بەپۆتاسیۆم دەوڵەمەندن گرنگترینیان:
ئەڤۆگادۆ، شووتی، قەیسی، هەنار، پرتەقاڵ، مۆز، تەماتە، سپێناخ، خەیار، پەتاتە، چەوەندەر
، نیسك، و ماسی.
-یەكێك لەو گیراوە
گرنگانەی بۆ ئەم پەتایە دەتوانرێت لەسەرەتای نەخۆشیەكە سوودی لێببینرێت پەرداخێك
ئاوی شلەتێنە لەگەڵ نیو لیمۆی گوشراو و كەوچكێك
هەنگوینی سروشتی، كەوچكێكی چا لەخوێ.
-ئەو كەسانەی نەخۆشی
شەكرەیان هەیە بەزووترین كات سەردانی نەخۆشخانە یان پزیشكەكەیان بكەن، چونكە نەخۆشانی
شەكرە زیاتر و زووتر لە كەسانی تر ووشكدەبنەوە لەحاڵەتی سكچوون و ڕشانەوە.
-كاتێك سكچون و ڕشانەوە
لەنەخۆشەكە زیاد دەكات و ئاوی لەش زۆر كەم دەبێتەوە و توشی ووشكبونەوە دەبێت، پێویستە
سەردانی نەخۆشخانە و پزیشك بكات بۆ چارەسەری كتوپڕی قەرەبووكردنەوەی لەدەستدانی شلە
و خوێ و كانزاكان.
د.پروشە شوان باس لەوەدەكات بەگشتی سكچوون و ڕشانەوە
ئەگەری وشكبوونەوەی زۆرە لەزۆرینەی حاڵەتەكان، بەڵام هەندێك كەس وەك منداڵ و كەسانی
بەتەمەن و تووشبووانی نەخۆشیە درێژخایەنەكان و بەكارهێنەرانی هەندێك دەرمان و ئەو
كەسانەی كاری قورس و كارلەبەر خۆردا دەكەن دەبێت زیاتر ئاگاداری تەندروستی خۆیان
بن و بەزوترین كات سەردانی پزیشك بكەن لە كاتی زیادبوونی نیشانەكان.
ئەو پزیشكە ڕایدەگەیەنێت لەكاتی پەتای سكچوون و
ڕشانەوە و كۆلێرا پێویستە هاوڵاتیان ڕێوشوێنی خۆپارێزی و پاكو خاوێنی بگرنەبەر:
*لەحاڵەتەكانی كەمترین
گومان لەیسبوونی ئاو دەبێت پێش بەكارهێنانی بكوڵێنرێت بۆ مەبەستی خواردنەوە و چێشت
لێنان.
* ێویستە هەموو
خۆراكەكان داپۆشراو بن و سەوزە و میوەكان پێش خواردنیان زۆر بەباشی بشۆرێتەوە و
پاكبكرێتەوە بەدانانی بۆ ماوەیەك لەناو خوێ یان سركە یان گیراوەی تایبەت.
* دڵنیابوونەوە لەوەی
ئەو خۆراكەی بەكاری دەهێنیت لەسەرچاوەیەكی پاك و بەئاوی پاك بەرهەم هێنراوە.
* دووركەوتنەوە لەخواردنی
ساردەمەنیەكان و ئەو شەربەتە دروستكراوانەی پاكوخاوێنی و ئاوی بەكارهاتوو و كەرەستەكانی
جێی دڵنیایی نیە.
* دووركەوتنەوە لەهەموو
سەوزە نەكوڵاوەكان یان مامەڵەكردن لەگەڵ خواردنە نەشۆردراوەكان.
* دەستشووشتنی
باش بەتایبەتی پێش نان خواردن و دوای بەكارهێنانی توالێت و خۆ بەدوورگرتن لەهەموو
بەركەوتنەكان لەگەڵ كەسانی نەخۆش.