کەلتور

خوێندنەوەیەک بۆ هەناسەیەک لە قەسیدەی دەقی تەمەن

09:31 - 14/06/2022 253 جار خوێندراوەتەوە

تەلار تاهیر/کولتوری زەمەن

هەناسەیەک لە قەسیدەی دەقی تەمەن

لەنێو دەقە شیعرییەکانم
تا تابلۆی دڵۆپە فرمێسکێکی ئاگر دەکێشم
هەموو دۆزەخەکان
دەمکەن بە قەسیدەیەکی درێژ و
بە ڕێنووسە ڕەشبینییە ڕەشۆکییەکان  
لە نێو کتێبە خەلووزییەکاندا / دەمنووسنەوە ...!
                                            ناڵە حەسەن

 
ئیشی شیعر ئەوەیە بەها بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو شتانەی یاخۆ ئەو چەمکانەی کە لای خەڵکی ئاسایی پەسەند نییە . زمان یان وشەش ئەو هێزە کاریگەرەیە کە سەر لە نوێ لە ڕێی خەیاڵەوە بەرگێکی نوێ دەبەخشێت بە شتە لاوەکییەکان . هەندێجار شاعیر لە ڕێگەی خەیاڵەوە پەیوەندییەکی ڕۆحی لەنێوان وشەکان دروست دەکات . هەروەک دەبینین ( ناڵە حەسەن ) لە وردە شیعرێک و هەناسەیەکی قەسیدەی ( دەقی تەمەن ) ، لە ڕێی خەیاڵەوە ، شتە لاوەکییەکان دەبەستێتەوە بە ژیان . یاخۆ وابەستی ژیانییان دەکات بۆ نموونە ، لە دەستپێکی شیعرەکە دەڵیت :

لەنێو دەقە شیعرییەکانم
تا تابلۆی دڵۆپە فرمێسکێکی ئاگر دەکێشم
هەموو دۆزەخەکان
دەمکەن بە قەسیدەیەکی درێژ

 
واتە پێش ئەوەی وێنەی شیعرێکی یاخیبووانە لەلای گەڵاڵە بێت بۆ نووسین ، یاخۆ پێش ئەوەی وردە شیعرێکی یاخیبووانە بە ئەندازەیی فرمێسک بنووسێتەوە ، شیعر خۆی دەینووسێتەوە . یان مەبەست لێرەدا ئەوەیە ، ئەگەر شاعیر خۆیشی واز لە شیعر بهێنێت شیعر دەستبەرداری ئەو نابێت . واتە لێرەدا ئەوە دەردەخات کە پەیوەندییەکی پتەو و ڕۆحی لە نیوان ( شیعر و شاعیر ) بوونی هەیە . هەر لە هەمان وردە شیعردا ، بە مانایەکیتر ، واتە شاعیر دڵۆپە فرمێسکێکە لە شیوەی شەونم ، کەچی شیعر دۆزەخێک دێنێتە ئاراوە ، ڕەنگە لێرەدا شاعیر لە توخمی ئاگر بێت بۆیە دۆزەخ دێتە هانایەوە ، لێرەدا پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان ( ئاگر و دۆزەخ ) بوونی هەیە . هەر لە پەیوەندی نێوان ( دۆزەخ و ئاگر ) ، بە مانایەکیتر ، واتە شاعیر چاوی لە دوای خەونێکی ئاگرینە لە ژیان ، کەچی خودا باشترینی پێشکەش دەکات لەو شتانەی کە خۆی چاوەڕوانیان بوو . واتە پشت بەستن بە خودا خودا باشترت بۆ فەراهەم دەکات ، لێرەدا شاعیر وشەی ( دۆزەخ ) وەک ڕەمزێک بەکاری هێناوە ، ، ئیتر بە پێی سیاقی دێرە شیعرەکە ماناکەی دەگۆڕێت . هەر هەمان دێرە شیعر بەڵام ، لێرە هێزی خەیاڵە وا لە سەلیقەی خوێنەر دەکات هەرجارە و مانایەک بە دنیای نووسینەکە ببەخشێت . لەلایەکی ترەوە ، لە فەزای پێشکەوتنی هەمیشەیی ئاگر لە جیاتی ئاو ، ئاوپژێنی دنیای داهێنان دەکات . واتە دیسانەوە لە دنیای داهێنان  دەبێتەوە بە توخمی ئاگر ، بۆ ئەوەی فەزایەکی فراوان  بخولقێنێت . بۆیە لێرە جۆرە پەیوەندییەکی تەبا لەنێوان  ( ئاگر و ئاو ) دا هەیە . بە دیدێکی تر و جیاوازتر ، لێرەوە تا ئاستێک دەتوانین بڵێین ، شاعیر مەبەستی ئەوەیە تا لە هەوڵی چارەسەری کێشە و خەمێکی بە ئازارە ، ئاگری خەمی ڕۆژگار وەک دۆزەخ یەخەی پێدەگرێت . بەڵام ئەمە تا ئاستێکی کەم ، چونکە بە بۆچوونی من ، شیعرەکە زیاتر شیعرێکی یاخیبووانەیە ، کەسی یاخیش باکی نییە گەر پایز لەبری بەهار هەڵبژێرێت . لە کۆپلەیەکیتر دەڵیت :

بە ڕێنووسە ڕەشبینییە ڕەشۆکییەکان
لەنێو کتێبە خەڵووزییەکاندا / دەمنووسنەوە!

 
وەک لە سەرەتا ئاماژە بەوە دەکات ، لەبری ئاگر دۆزەخ ڕووبەرووی دەبێتەوە ، واتە کارەکە بە ویستی خۆی نییە و لە دەسەڵاتی شاعیر نەماوەتەوە ، ئیتر ئەوە قەدەری ڕۆژگارە لەنیوان سەختییەکانی ژیان دەتگوزەرێنێت . نابێت ئەوەش لە بیربکرێت ، سەرەتای زۆربەی توخمە ئاگرینەکان خەڵووز و خۆلەمێشە ، چونکە هەموو شتە گەوهەرییەکانی ژیان ئەلماس ئاسا ئەو بەختەیان نییە لە رابردوویەکی ڕەشەوە ببنە ڕەونەقدارترین گەوهەری دونیا . ئەگەر لێی وردبینەوە و سەرنج بدەین لەم کورتە شیعرەی ( ناڵە حەسەن )  زێتر ئیش لەسەر وشە کراوە ، نەک دێرە شیعر ، چونکە کورتە و بە پارچە پارجە کردنی کۆشکی ماناکەی دەڕوخێت . بەڵام پەیوەندی نیوان وشەکان زۆر بەهێزە پەیوەندییەکی ڕۆحی لە نێوانیاندا هەیە ، بۆ نموونە ( ئاگر و دۆزەخ ) ، ( ئاگر و ئاو ) ، ( شیعر و شاعیر ) ، بە تایبەتی ئاگر و دۆزەخ ، لەم وردە شیعرە هۆگربوونی شاعیر دەردەخات بۆ دونیای جوانی شیعر ، ( شێرکۆ بێکەس ) لە دیمانەیەک دەڵێت :

بەختیار عەلی، خوایەک هەیە  لە گەڵیدا دەنووسیت، واتە خۆی بە تەنیا نانووسێت! لە جوانی نووسینیەکانیەوە خوایەک هاوکارییەتی، ناڵە حەسەنیش خۆی بە تەنیا نانووسێت، وەک ئەوەی هێزێکی خوداوەندی یان یان فریشتەی شیعر لە گەڵیدا بنووسێت!

پۆرترێتی ناڵە حەسەنی شاعیر

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن