زمانی کوردی؛ پێشکەوتنێکی تر، سەرکەوتنێکی تر، چاوەڕوانیی دیکەیش
09:02 - 16/05/2022
فەرهاد شاکەلی
پێرێ ئەو هەواڵە بڵاو کرایەوە
کە گووگل بڕیاری داوە [کوردیی ناوەندی] ببێتە یەکێک لەو زمانانەی کە لە بەرنامەی [Google
Translate] دا لە کاردا دەبێت و
لە وەرگێڕانی نێوان کوردی و زمانانی دیکەدا دەکرێ سوودی لێ وەربگیردرێت.
پێشەکی لە دڵەوە پیرۆزبایی
لەو لاوە خۆشەویستانەی کورد دەکەم کە کۆڵنەدەرانە و عاشقانە توانییان ئەم گەنجینە
بەنرخە ببەخشن بە نەتەوەی کورد و بە سامانی فەرهەنگیی کورد. دەستتان خۆش کچان و کوڕانی
لێهاتوو، نموونەتان زۆر بێت. هەروەهایش پیرۆزبایی لە هەموو کوردێک دەکەم کە زمان و
فەرهەنگی نەتەوەکەی خۆی خۆش دەوێت. ئەم کارە سەرەتایەکی خۆشیبەخش
و جێی شانازییە، بەڵام وەک هەر سەرەتایەک دەبێ هەنگاوی دیکەی بە دوادا بێت و دەبێ
بە کاری قووڵتر، زانستیتر و ڕاستتر دەوڵەمەند بکرێت و بپارێزرێت.
پێم خۆشە بەم بۆنەیەوە چەند
سەرنجێک لەبارەی ئەم ڕووداوەوە دەرببڕم و هیوادارم ئەو لاوانەی کارەکەیان ئەنجام
داوە، هەروەهایش دەستەڵاتی سیاسیی کورد و خوێنەوار و ڕووناکبیرانی کورد، سوودی لێ
وەربگرن:
یەکەم: بەکارهێنانی ئاوەڵناوی
[سۆرانی] لەگەڵ ناوی زمانی کوردیدا هەڵەیەکە و نابێ بە هیچ جۆرێک ڕێگە بدرێت بەو شێوەیە
بمێنێتەوە. بە ڕاستی ناوهێنانی ئەو شێوەیەی زمانی کوردی وەک سۆرانی، سووکایەتیکردنە
بە کورد و بە زمانی کوردی. لە ماوەی چەند سەدەدا لەناو کوردناساندا هەمیشە بەو شێوەیەی
زمانی کوردی وتراوە [کوردیی
ناوەندی: Central Kurdish]. ئەوانەی پێی دەڵێن [سۆرانی] دوو جۆرن؛ یا لە نەزانینەوەیە
یا هەڵوێستێکی ناحەزانە و نادۆستانەیان بەرانبەر ئەو شێوەیە و ئاخێوەرانی هەیە. دەبێ
لاوانی خاوەن پرۆژەکە، بەڕێوەبەرانی گووگڵ تێبگەیێنن کە دەبێ ناوە ڕەسمییەکەی [کوردیی ناوەندی: Central Kurdish] بێت. بۆ ئەوەی هەردوو شێوە کوردییەکەی گووگڵ پێکەوە
ببینرێن، دەتوانن وای بنووسن: Kurdish (Central) . [کوردیی ناوەندی]، بۆ ئەوەی بە هەڵەی تێینەگەن، تێرمێکە لە
جیۆگرافیای زمانەکەوە هاتووە، چونکە تاکە شێوەی زمانی کوردییە کە ڕێک دەکەوێتە ناوەندی
کوردستانەوە.
دووەم: ئەو گەنجینە وشە و
دەربڕینە کوردییانەی ئێستا لە بەرنامەکەدا لە بەردەستدان، دەبێ چاوی پێدا بگێڕنەوە،
چونکە دڵنیام زۆر لایەنی لاواز و بگرە هەڵەیشی تێدان. پێش تاوێک، هەر بۆ نموونە،
وشەی [Culture]ی ئینگلیزیم
دانا، دەبینم بۆ بەرانبەرە کوردییەکەی دەڵێ [کەلتوور]، لە کاتێکدا [Culture]ی ئینگلیزی واتای زۆرتری هەیە و [کەلتوور] وەرگێرانێکی
باش/ڕاست نییە. ئەگەر هەر دایدەنێن، با ببێتە دوایین هەڵبژاردە، نەک تاکە هەڵبژاردە. [Culture]ی ئینگلیزی لە کوردیدا دەبێتە [فەرهەنگ، شارستانەتی،
نەریت]، دوای ئەوانە دەکرێ [کەلتوور و ڕۆشنبیری]یش دابنرێن. دیارە [فەرهەنگ] باشترین
و ڕاستترین وشەیە. سەرنجڕاکێش ئەوەیە وشەی [فەرهەنگ] لە تێکستێکدا بە زمانی پەهلەوی
بە کار براوە و تێکستەکەیش ناوی کوردی تێدا هێنراوە. زمانانی پەهلەوی و ئاڤێستا
دوو نزیکترین زمانی کۆنی ئێرانین لە زمانی کوردییەوە.
سێیەم: زۆر گرنگە لە ئێستاوە
ڕێنووسێکی باش و ڕاست و زانستی بە کار ببرێت. دەزانم بۆ ئەو لاوە خۆشەویستانە، ئەمە
ئەرکێکی ئاسان نییە، ئەگەر نەڵێم ئەرکێکی سەختە. ئەمڕۆ بە دەیان کەس خۆیان وەک
زمانزانی کورد و وەک شارەزای بواری ڕێنووس و ڕێزمان دەبەنە پێشەوە و خۆ دەنوێنن، بەڵام
بەشی زۆریان نە زمانناسن، نە کوردیزانن، نە شارەزای ڕێزمان و ڕێنووسن. کار و بەرهەمی
هەندێکیان، زیانێکی گەورەی گەیاندووە و دەگەیێنێتە زمانی کوردی.
دروود بۆ زمان و فەرهەنگی
کوردی و بۆ هەموو ئەوانەی خۆشیان دەوێت و وەک نیشانەیەکی بەرز و پیرۆز دەیبینن