مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی یاداشتێك ئاڕاستەی قوباد تاڵەبانی دەكەن
09:51 - 14/05/2022
زەمەن
مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی سلێمانی-هەڵەبجە داوای ئازادكردنی مامۆستا زەنگین دەكەن و لایەنی پەیوەندیدار بە بەرپرسیار دەزانن لە پاراستنی گیانی.
مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی پارێزگاکانی سلێمانی-هەڵەبجە، یاداشتێكیان ئاراستەی قوباد تاڵەبانی و پارێزگاری سلێمانی و لیژنەی ئەمنی كردووە، ئیدانەی ڕفاندن و دەستگیرکردنی هاوپیشەیان (زەنگین ئەبوبەکر)، لە زانکۆی سلێمانی كردووە.
داوای دەستبەجێ ئازادکردنی مامۆستا زەنگین دەكەن و هاوکات دژایەتی خۆیان بۆ هەرکردەوەیەکی لەمجۆرە بەرامبەر مامۆستایانی زانکۆ، هەڵکوتانەسەر حەرەمی زانکۆ دەردەبڕن.
دەقی یاداشتەكە:
بەڕێز: قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
بەڕێز: پارێزگاری سلێمانی
بەڕێز: لیژنەی ئەمنی سلیمانی
بابەت: داواکاری
بەناوی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی زانکۆکانی پارێزگاکانی سلێمانی-هەڵەبجە، ئیدانەی ڕفاندن و دەستگیرکردنی هاوپیشەمان (زەنگین ئەبوبەکر)، لە زانکۆی سلێمانی دەکەین، کە ئەمڕۆ لەکاتی گردبوونەوەی مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی، لەلایەن هێزێکی نادیارەوە ڕفێنراوە، ئێمە سەرەڕای ئەوەی داوای دەستبەجێ ئازادکردنی ناوبراو دەکەین، هاوکات دژایەتیکردنی خۆمان بۆ هەرکردەوەیەکی لەمجۆرە بەرامبەر مامۆستایانی زانکۆ، هەڵکوتانەسەر حەرەمی زانکۆ دەکەین. داواش دەکەین چیتر هیچ کەسێک بە بێ بڕیاری دادوەر دەستگیرنەکرێت و شوێنبزر نەکرێت. بەرپرسانی حکومی و ئەمنی سلێمانیش بە بەرپرسیار لەپاراستنی گیانی ناوبراو دەزانین. لەکاتی دەستبەجێ ئازادنەکردنی هەموو ڕێکارێکی مەدەنی دەگرینەبەر.
مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی پارێزگاکانی سلێمانی-هەڵەبجە
14-5-2022