266 جیهان

ئیدارەی بایدن چەك بە توركیا دەفرۆشێت

10:51 - 12/05/2022

زەمەن


ئیدارەی ئەمریکا زانیاری سەرەتایی لەسەر فرۆشتنی پارچەی فڕۆکەی جەنگیی ئێف-١٦ و ھەندێک مووشەک و سیستمی راداری ئەو جۆرە فڕۆکەیە بە تورکیا، پێشکەشی کۆنگرێس کردووە.


بەپێی ھەواڵێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا پشتی به‌و کاربەدەستە ئەمریکییانە به‌ستووه‌ کە لە بابه‌ته‌كه‌وه‌ نزیکن، دوای ئەو رۆڵەی کە تورکیا لە جەنگی ئۆکراینا گێڕاوێتی، ئیدارەی بایدن کارەکانی سه‌باره‌ت به‌ فرۆشتنی چەکی نوێ له‌نێویشیاندا فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف-١٦ بە تورکیا، زیادکردووە.

به‌و پێیه‌، لەو نامە نافەرمییەی کە ئیدارەی بایدن مانگی رابردوو ئاراستەی سەرکردەکانی ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەرانی کردووە، ره‌شنووسی فرۆشتنی چەند پارچەیەکی فڕۆکەی جەنگیی ئێف-١٦ و ھەندێک مووشەک و سیستمی راداری ئەو جۆرە فڕۆکەیە بە تورکیا، بۆ کۆنگرێس ناردووە. لە ئەگەری ناڕەزایەتی دەرنەبرینی سەرکردەکانی کۆنگرێس لەسەر ئەو فرۆشە، چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داھاتوودا ئاگاداریی فەرمیی سه‌باره‌ت به‌ فرۆشەکە پێشکەشی کۆنگرێس بکرێت.

کاربەدەستەکان، سەرنجیان بۆ ئەوە راکێشا کە رۆڵی تورکیا لە رابه‌رایه‌تییكردنی دانوستانەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا و پاڵپشتیکردنی ئۆکراینا لە رێگەی فڕۆکەی بێفرۆکەوانی چەکداره‌وە کاریگەری لەسەر ئەم ھەنگاوەی ئیدارەی بایدن ھەبووە.

جگە لەوە بەپێی بەرپرسە ئەمریکییەکان پەسەندکردنی ئەم فرۆشە لەلایەن کۆنگرێسەوە، ره‌نگه‌ رێگا بۆ فرۆشتنی ٤٠ فڕۆکەی ئێف-١٦ و چەکی دیکە کە ماوەیەکە لە رۆژەڤی رای گشتیدایە، بكاته‌وه‌.

کاربەدەستێکی ئەمریکی ئاشكرایكرد، ئەو پاکێجە جگە لە مووشەکەکانی جۆری AIM-9 Sidewinder و AIM-120 Amraam، رادار و چەندین پێداویستیی پێشکەوتووی دیکەی سەربازی لەخۆدەگرێت و رایگەیاند پاکێجەکە بایی ٤٠٠ ملیۆن دۆلاره‌.

ھاوکات بەپێی روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە بۆ رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئاماژە بەوە کراوە، تا ئه‌و كاته‌ی ئەم پرسە چوارچێوه‌ی فەرمی وه‌رنه‌گرێت، ناتوانن ھیچ لێدوانێکی لەسەر بده‌ن.

لەو نامەیەدا کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە مانگی ئاداردا ئاڕاستەی کۆنگرێسی کردبوو، ئاماژەی بەوە کردبوو "فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف-١٦ بە تورکیا لەگەڵ بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئەمریکا گونجاوە".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن