دیمانە

د. هێرش سەید سەلیم: تەندروستی لە لێواری ڕووخاندایە

09:45 - 15/03/2022 265 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"


د. هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت تەندروستی هەرێم لە لێواری ڕووخاندایە، تەندروستی خەڵک و بەرپرسانیش لە مەترسیدایە، لەبەر ئەوە با بەرپرسان پێش خەڵکی ڕەش و ڕووت فریای خۆیان بکەون، دەشڵێت: ئێمە خەریکی هەڵکردنی ئاڵای سپین لە تەندروستی بە ڕاستی ئەگەر کار بگاتە ئەوە ئێمە ئاڵای سپی هەڵدەکەین واتە تەسلیمی ئەو بارودۆخە دەبین کە هەیە چونکە هیچ شتێک لە دەسەڵاتی ئێمەدا نەماوه.



لە سەرەتای قسەکانیدا جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دەربارەی قەیرانەکانی تەندروستی لە سلێمانی وتی“ئەگەر پێشتر کێشەکانی بەهۆی قەیرانی کۆمپانیاکانەوە بوو بێت لە سلێمانی بۆنموونە بەهۆی نەدانی پارەی پێشینەی کۆمپانیاکان بەهۆی ئەوەی پارەی نەختینە کەم بوو، بەڵام ئێستا کێشەکان لە تەندروستی دەرچووە بۆتە کێشەی گشتی لە سلێمانی، زۆربەی زۆری بەڕێوەبەرایەتیەکانی گرتۆتەوە، وە کەرتی تەندروستی لە قەیرانەی پێشتر تێدا بوو قەیرانەکانی قوڵتر بوونەوە، وە نەبوونی دەرمان پەیوەستە بە پێشینەی ئەو کۆمپانیانەی کە لای حکومەت پارەکانیان وەرنەگرتۆتەوە ئێستا لەسەروبەندی واژوو کردنی گرێبەستی نوێین لەگەڵ کۆمپانیاکان لەبەرئەوە وایلێهاتووە کۆمپانیاکان متمانەیان نەماوە بەوەی ئەگەر شتێک ببێت بەقەرزیش بێت بۆ ئێمە هەتا گرێبەستەکانیان واژوو بکەین و پارەکانیان وەربگرنەوە بۆیە قەیرانی زۆر شت لە تەندروستیدا دروستبووە هەر دەرمان نییە بەتەنها بەڵکو خواردن و پاککردنەوەشی گرتۆتەوە جگەلەوەش ئێستا ئەمبوڵانسەکانمان لەوەستاندان لەبەرئەوەی پێشینەی نەسریە، پێشینەی خەرجیەکانی بەڕێوەبەرایەتی و پارەی سووتەمەنی و زۆرشتی تریش هەیە کە پێویست دەکات مانگانە بەکاری بهێنیین خەرج ناکرێتەوە هەموو شتێکمان کردووە بەچەک ئامادەیە بەڵام کە دەچین بۆ بانکەکان بیانوی ئەوە هەیە ئێستا لەکاتی دابەشکردنی مووچەدا بانکەکان پارەی تێدا نییە بۆیە پارەکە خەرج ناکرێتەوە.“



د . هێرش دەشڵێت“ لەماوەی ڕابردوودا زۆر شتمان بەقەرز هێناوە تەنانەت سوتەمەنی ئامبوڵانەسەکانیشمان بەقەرز هێناوە ئێستا متمانەی ئەوەمان نەماوە لەبازاڕدا بە قەرزیش بیهێنین بۆیە مەجبورین ئێمە ئەو خزمەتگوزاریانە لەئێستادا ڕابگرین ئەگەر لەوە زیاتر تەشەنە بسێنێت بەدڵنیاییەوە داخستنی نەخۆشخانەکانی تێدەکەوێت و حاڵەتەکە دەگاتە ئەوەی مەترسی بگاتە بەشی فریاگوزاریەکان“


جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد“ئێمە وەکو تەندروستی بۆ مەسەلەی کۆمپانیاکان وەکو قەرز لەسەرخۆمان نەهێشتۆتەوە هەموویمان کردووە بە چەک و تۆپەکەمان هەڵداوەتە گۆڕەپانی وەزارەتی دارایی و بانکەکانی سلێمانیەوە ئیتر ئەوانن کە خەرجی نەکەنەوە بۆیان، ڕاستە بەناڕاستەوخۆ پەیوەندی بەئێمەوە هەیە ئەوان بەپێی گرێبەست دەرمانیان بۆ ئێمە هێناوە دەبووایە لەکاتی خۆی پارەکانیان وەربگرنەوە بەڵام ئێمە تەسفیەی حساباتمان کردووە لەگەڵیاندا بەڵام ئەوەیە کە پارەکانیان بۆ خەرج ناکرێتەوە و کەڵەکە بووە لەلای حکومەت لە بانکەکان بەتایبەتی بۆیان کراوە بە چەکیش ڕێکاری دارایی و ژمێریاریشیان بۆ کراوە ئێستا کە وەری ناگرنەوە ئەمە کێشەکەیە، ئێمە لە تەندروستی وەکو خۆمان قەرزارنیین بۆ ئەو کۆمپانیایانە زیاتر لە 10 ملیاریان ئێستا لەلای حکومەت هەیە ئەگەر ئەو پارانەیان وەرنەگرنەوە ئامادەنیین گرێبەست بکەن، وەئەگەر گرێبەستیش بکەن لەحاڵەتێکدا ئەم گرێبەستەی ئەمجارە نرخی لەچاو گرێبەستی ڕابردوودا دووهێندە و سێ هێندە دەبێت. “


د. هێرش سەید سەلیم دەشڵێت “ ئێمە خەریکی هەڵکردنی ئاڵای سپین لە تەندروستی بەڕاستی ئەگەر کار بگاتە ئەوە ئێمە ئاڵای سپی هەڵدەکەین واتە تەسلیمی ئەو بارودۆخە دەبین کە هەیە چونکە هیچ شتێک لە دەسەڵاتی ئێمەدا نەماوە، ئێمە ئەو توانا مرۆیەی کە هەمانە لە نەخۆشخانەکاندا تائێستا ڕامانکێشاوە، لەو سەردەمی کۆرنایە گوێمان نەداوەتە قەیران هەر کارمان کردووە بەڵام ئەگەر کاربکاته ‌سەر ئەوەی نەتوانیین خزمەتگوزاری تەندروستی دابین بکەین ئەوە توانای مرۆیی باهەر لەوێ بکەوێت وەکو ئەوە وایە لە شەڕێکدا بین و بێ چەک بین لەبەرئەوە ئێمە مەجبورین ئاڵای سپی هەڵبکەین یاخود ئەوەتا حکومەت زۆر به ‌پەلە و خێرا بێتە پێشەوە بەڵام هەڵبەتە خەمساردیەک هەیە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و وەزارەتی تەندروستی. “


لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ئێوە وەزارەتی تەندروستیتان ئاگادار نەکردۆتەوە لەم بابەتە لەوەی ئەگەر نەخۆشخانەکان دابخرێت واتە نەخۆش دەنێرنە ماڵەوە و دەڵێن خەڵک وەرناگرین؟

لە وەڵامدا جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروست سلێمانی وتی“ئەگەر وەزارەتی تەندروستی بێ ئاگایی خۆی لەم بابەتە ڕابگەیەنێت بەڕاستی ئەوە خۆڵکردنە چاوی خەڵکە بەداخەوە لەم قەیرانە تەندروستیە ئێستا کە ئێمە هەمانە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر کۆنفرانسی گۆڕینی سیستەمی تەندروستی لە هەولێر سێهەم کۆنفرانسی خۆی بەست دەبووایە لەوێ ئەو قەیرانانەی کە لە سلێمانی هەیە وەکو نموونە وەربگیرایە بۆ هەموو هەرێمی کوردستان بەڵام دیارە لەوێش هەرهەمان شێوە خۆڵکراوەتە چاوی بەرپرسەکان بەوەی کە سیستەمی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان سیستەمێکی باشە و خزمەتگوزاری تەندروستی خزمەتگوزاریەکی باشه. “

دەربارەی ئەوەی بۆچی خۆتان بەشدارنەبوون لەو کۆنفڕانسەدا؟

وەڵامەکەی د . هێرش بەم جۆرە بوو“من بۆخۆم بەشدارنەبووم بەڵام ئەوانەی کە لەوێش بوون دڵنیام 80% یان ئەو بارودۆخەی کە هەبووە لەناو کۆنفڕاسەکەدا بەدڵیان نەبووە چونکە بەڕاستی ئەوەی کە لەوێ باسکراوە و وتراوە دەتوانم بڵێم وەکو ئەوە وایە بابەتی تەندروستی بەلاڕێدا برابێت ئەگەرنا لەڕووی خزمەتگوزاری تەندروستیەوە هیچ کاتێک لە ساڵی نەوەکانیشدا لەدوای ڕاپەڕین بەو قەیرانە قوڵەدا تێنەپەڕیووەین کە ئێستا هەیە. “


ئەمە هەر بۆ سلێمانی وایە یان بۆ هەموو شارەکانی تریش وایە؟

“من نازانم بۆ شارەکانی تر لەهەفتەی پێشوودا وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئەوەی ر|ِاگەیاند“ کە لە هەولێر و دهۆکیش هەمان کێشەی مەسەلەی پارەی نەختینە و پێشینەی کۆمپانیاکان هەیە و قەیران هەبووە لە دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی“د. هێرش بەمجۆرە وەڵامی دایەوە“


جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی هۆشداری ڕووخانی کەرتی تەندروست دا و وتی“ تەندروستی لە لێواری ڕووخاندایە و چاوەڕێی هەڵستانەوەی بەم چکە چکەی کە دەڵێن بەو مەمری و مەژیەی نابێت کە ڕۆژێک چارەسەری بکەیت و دوو ڕۆژ وازی لێبهێنیت لەبەرئەوە ئەگەر قەیرانی تەندروستی بەشێوەیەکی بنبڕ چارەسەر نەکرێت بەدڵنیاییەوە تەندروستی هەموو بەرپرسانیش دەکەوێتەوە ژێر پرسیار و مەترسیەوە لەبەرئەوە با فریای خۆیان بکەون پێش ئەوەی فریای تەندروستی خەڵکی ڕەشوڕووت بکەون. “


وتیشی“ بەرپرسانی هەرێم چارەسەریش لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان وەرنەگرن خۆ ئەوان خاوەنی کۆمەڵێک کەسوکارن دوای ئەوەش لەسەری ئەواندا دەشکێتەوە واتە کە شیرازەی تەندروستی تێکچوو واتە شیرازەی کۆمەڵگە و ژیان و مردنی خەڵک بەدەستی ئەوان دەبێت جگە لەوەش ئەمنی قەومیش وەکو بینرا کۆرۆنا چ بەزمێکی بەهەموو جیهان کرد کە قەیرانی تەندروستی هەبێت بەدڵنیایی قەیرانی سیاسی دەبێت و کۆمەڵایەتی و ئابوری دەبێت هەموو ئەگەرەکان کراوەن بۆئەوەی کە قەیرانی تەندروستی ببێتە هۆکاری ئەوەی لێکترازانێکی گەورە دروست ببێت“

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن