چەند ڕێگایەکی سروشتی بۆ کەمکردنەوەی ئازاری ماسولکە و ڕەقبوونی جومگە لەزستاندا
04:54 - 22/01/2022
زەمەن - تەندروستی
ئەوەی ڕوونە لەگەڵ دابەزینی پلەی گەرما، ئازاری
ماسولکە و جومگەکان زیاد دەکات، بەتایبەتی لە بەتەمەنەکان و ئەوانەی کەڕۆماتیزم و
کێشەی جومگەیان ھەیە. ئەویش بەھۆی ئەوەی کەپەستانی ھەوا کەمدەبێتەوە، کە ئەمەش بەپێی توێژینەوە پزیشکییەکان دەبێتە
ھۆی کشانی ماسولکەکان، کەئەمەش پەستان دەخاتە سەر جومگەکان و ئازار و ڕەقبونیان تیادا
دروست دەکات. خواردنی تەندروست یەکێکە لەو ڕێگاچارە سروشتییانەی کەبەسودن بۆ کەمکردنەوەی
ئازاری جومگە لە زستان و وەرزی سەرمادا. لێرەدا ئاماژە بە ھەندێک لەو خۆراکانە دەکەم
کەبەسوودن :
١- ھەرزن یاخود
داروجان : لەڕووی پێکھاتەی خۆراکیەوە دەوڵەمەندە، ھەروەھا گلوتینی تیادانیە. بەڕێژەیەکی زۆر ماددەی (کیورستین)ی تیادایە کە
دژە ھەوکردنێکی بەھێزە، کە بەڕێژەیەکی بەرچاو ئازاری جومگەکان ناھێڵێت.
٢- بەھارات و سەوزە
و مزرەمەنیەکان : زۆربەی توێژینەوەکان سەلماندویانە کە کاریگەرییەکی زۆر باشیان ھەیە
لەسەر تەندروستی جومگەکان، وەکو؛ زەردەچەوە، زەنجەفیل، مەعدەنوس ، پیاز، سیر، تور،
شویت، چەوەندەر، سەوزە گەڵا تۆخەکان ..ھتد.
٣- ماست : کاریگەری
نەرمکردنەوەو ساردکردنەوەو دژەھەوکردنی ھەیە، کە ئازاری جومگەکان کەمدەکاتەوە. جگە
لەوەی سەرچاوەیەکی باشی کالسێۆمە، کە گرنگە بۆ بنیات نان ئێسکێکی تەندروست و بەھێز
.
٤- میوەجات و بێرییەکان
: میوەجاتەکان وەکو؛ سێو، لیمۆ، پرتەقاڵ، گێلاس، توتڕک، قەیسی، کە ڕێژەیەکی زۆر دژەھەوکردنی
تیادایە، کەیارمەتی لەش دەدات بۆ نەھێشتنی فری ڕەدیکاڵەکان و کەمکردنەوەی ھەوکردن
و ئازاری جومگەکان.
٥- ئۆمێگا سێ : ئەو
خواردنانەی ڕێژەیەکی زۆر لە "ئۆمێگا سێ" یان تیادایە یارمەتیدەرن بۆ کەمکردنەوەی
ئازاری جومگەکان، لەبەر ئەو خاسیەتی دژەھەوکردنەی کە ھەیەتی. وەکو؛ ماسی بەتایبەت "تونا، سەلمون"،
چەرەزاتەکان، شیرەمەنیەکان، سەوزە گەڵا
تۆخەکان، ئەڤۆکادۆ، زەیتی ڕووەکیەکانی وەکو؛ زەیتی تۆوی کەتان، زەیتی
سۆیا، زەیتی کانولا ..ھتد
گرنگە ئەو کەسانەی کە ئازاری جومگەیان زیاد دەکات
لەزستاندا، ھەوڵدەن جومگە بە ئازارەکە گەرم ڕاگرن و تەڕی نەکەن و بە باندج یاخود
سپلینتی تایبەت دایپۆشن .
د. ھەڤین کمال شاە محمد
-پسپۆڕ له زانستی ئازار و بهنج
-شارهزا له چارهسهری فهقهرات و نهخۆشی
جومگهکان بێ نهشتهرگهری
-ئەندامی ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ ئازار شکاندن .