1324 تەندروستی

یاخوا کەس دانی نە یەشێ!

11:45 - 08/01/2022

زەمەن - تەندروستی

 

لەکاتی دان ئیشەدا لەماڵەوە بە چارەسەری  سروشتی دەتوانین چی بۆ خۆمان بکەین؟

▪️خالید رەزا لە هۆڵەندییەوە ئامادەی کردووە

کاتیک ئازاری دانت هەیە  و دەستت ناگاتە دکتۆر یان ڕەنگە پێویستت بە دکتۆر نەبێ. دەشی یەکێ لەم ڕینماییانە یارمەتیت بدات بۆ کەمکردنەوە و یان نەهێشتنی ئازاری دەم ودانت.

١- خوێیاو
کەوچکێک خوێ لە پەرداخی ئاوی گەرم دا بتوێنەرەوە، دەمت پڕبکە لە خوێیاو و هەتا بۆت ئەکرێ بە گوپەکانت لەناو دەمتا جوڵەی پێ بکە(لەدەمتی وەربدە). چەند پێویستی کرد دوبارەی بکەرەوە. ئازارەکە کەم دەکاتەوە.

٢ – سرکەی سێو
پارچەلۆکەیەک هەڵکێشە لە سرکەی سێو و بیخەرە سەر ئەو دانە یان ئەو شوێنە کە ئازاری هەیە، ئەگەر سرکەی سێوت نەبوو، سرکەی سپی یش ئەبێت. ئازارەکە کەم دەکاتەوە.

٣ – شروبی- ڤانێللا
پارچەلۆکەیەکی پێ تەڕ بکە و بیخەرە سەرشوێنی ئازارەکە. ئەگەر ئەمەت نەبوو ئاوی لیمۆ یان زەیتی  بادەم هەمان کاریگەری هەیە، بەهەمان شێوە بەکاری بهێنە.

٤ – زەیتی ئۆریخانۆ
رۆنی ئۆریخانۆ بخەرە ئاوی گەرمەوە یان رۆنی زەیتونەوە، لۆکەی پێ تەڕ بکە و بیخەر سەر دان یان پوک ئەو شوێنەی کە ئازاری هەیە.

٥ – ڕۆن یان زەیتی درەختی چا
پێنج شەش دلۆپ زەیتی دار چا بکەرە ناو پەرداخێک ئاوی گەرمەوە و لەدەمتی وەربدە. دەتوانی زەیتەکە بخەیتە سەر لۆکەیەک و بیخەتە سەر شوێنی ئازارەکە جا دان بێ یان پوک.

٦ -  کحول
تۆزێک ویسکی، براندی یان ڤۆدکا  لەدەمت وەربدە ئازارەکە ئەشکێنی. یان ئەو گیراوانەی کە لەدەم وەرئەدرێ ڕیژەی کحولی تیا زۆرە.

٧ -  زەنجەفیل (خەمبەر)
پارچەیەک زەنجەفیلی تەڕ بخەرە سەر شوێنی ئازارەکە و دانی پیابنێ و بیجو، بۆ ئازاری دان و پوک زۆرباشە.

٨- سیر
پارچەیەک سیر بخەرە سەر شوێنی ئازارەکە، یان گیراوی سیرو خوێ لۆکەی پێ تەربکە و بیخەرە سەر شوێنی ئازارەکە. ڕاستە بۆنی سیر ناخۆشە، بەڵام چار چیە بۆ مەبەستێکی باش بەکارت هێناوە.

٩ -  لیمۆ
پارچەیەک لیمۆ بخەرە سەر ئازارەکە، یان بیخەرە سەری و گازی لێ بگرە، ئازارەکە بەزویی ئەشکێنێ.

١٠ – گەڵای نەعنا
پارچەگەلای نەعنای تەڕ یان وشک بخەرە سەر دان یان پوکەکەت کە ئازاری هەیە، ئازارەکەی کەم دەکاتەوە. یان چەند گەڵایەکی نەعنا بخەرە دەمتەوە و بیجوو. ئەمە یارمەتی کەمکردنەوەی ئازارەکە ئەدات.

١١ – پیاز
ئەڵقە پیاز لە دەوری دانەکە یان پوکەکە کە ئازاری هەیە دابنێ، یان پیازەکە بگوشە و ئاوەکەی بخەرە سەر لۆکەیەک و بیخەرە سەر شوێنی ئازارەکە. پیاز بەتەنها شتێک نیە کە ئازاری دان یان پوک ئەشکێنێ، بەڵكو وەکو دەرمانێکی سروشتی ئەنتیبایۆتیک دژی هەوکردنی پوک و ئازاری دان بەکار دەهێنرێ.

١٢ -  گەڵای غارو  سپێناخ
چەند گەڵایەکی تەڕ بجو. ئەتوانی گەڵای غار بکوڵێنی و خوێێ تێ بکەیت و ئاوەکەی لەدەمت وەربدەیت.

١٣- بیبەری هیندی
هەویرێک  لە بیبەری هیندی و ئاو دروست بکە و بیخەرە سەر شوێنی ئازارەکە.

١٤ – خەیار
خەیار یش وەکو یەکێ لە چارەسەرە سروشتیەکان بۆ ئازار شکاندن بەکار دێت. پارچەیەک خەیار بخەرە سەر شوێنی ئازارەکە. پارچە خەیاری سارد کاریگەری زیاتر و خێراترە، بەڵام ئەگەر دانت حەساس بوو خەیاری سارد بەکار مەهێنە. دەتوانی گیراوەی خەیار و خوێ دروستبکەیت و بیخەیتە سەر شوێنی ئازارەکە.

١٥- ناتریۆمی کاربۆنات(Baksode)
تۆزێک باکینسۆدە بکەرە ئاوە و گیراوەکەی بە لۆکەیەک بخەرە سەر شوێنی ئازارەکە.

١٦ – کیسەچا
دوای بەکار هێنانی، کیسەکە بەگەرمی بخەرە سەر شوێنی ئازارەکە. لە گەلای چادا مادەی تانین ی تیایە کە مادەیەکی سڕکەرە و ئازارەکە دەشکێنێ.

١٧ – مێخەک
مێخەکێک بخەرە سەر دان یان پوکەکەت، ئەو شوێنەی کە ئازاری هەیە. یان هاڕاوەی میخەک لەگەڵ ئاو یان ڕۆنی زەیتون تیکەڵ بکە و بیکە بە هەویر و بیخەرە سەر شوێنی ئازارەکە. زەیتی مێخەک چارەسەرێکی سروشتیە و ئازار شکێنە. ئاگات لێبێ زەیتی زۆری مێخەک زەهرە بۆیە ئاگاداربە و زۆری بەکار نەهێنی.

١٨ – کیسە سەهۆل یان پەڕۆی گەرم
بۆ کەمکردنەوەی ئازار دەسکێشێکی پەڕۆ پڕ بکە لە سەهۆڵ و بینێ بە ڕومەتتەوە، ئەولایەی کە ئازارەکەی هەیە. ئەگەر ئەمە سودی نەبوو، پەڕۆیەکی گەرم بەکار بهێنە ئەمە بۆ ئازاری دانی ژیری و شکانی کاکیلە بەسودە.

١٩ -  پەتاتە
پەتاتەیەک پاک بکە و قاشی بکە. بیخەرە سەر شوێنی ئازارەکە. یان پەتاتەکە ورد بجنە و خوێێ پێوەبکە  بیکە بە پەپکە و بیخەرە سەر ئازارەکە.

٢٠ – بیبەری ڕەش
هاڕاوەی بیبەری ڕەش لەگەڵ خوێ تیکەڵاو بکە و بیخەرە دەمتەوە، هەست بە کەمبونەوەی ئازارەکە دەکەیت.

لەپاڵ ئەم چارەسەرە سروشتیانەدا، دەتوانی دەرمانی ئازار شکێن بەکار بهێنی کە ئازارەکە ناهێڵێ یان کەمی دەکاتەوە، لەو ئازار شکێنانە: ئەسپرین، ئەنادین، ئیبی پروفین، نیورۆفین و پاراسیتۆڵ.

سەرچاوە: ماڵپەڕی Dental 365

تێبینی: بێگومان یەکێ یان زیاتر لەم شتانە لەهەر ماڵێک دا دەس دەکەوێ.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن