قائیمقامى هەولێر: شەوى سەرى ساڵ له دەیان شوێن ئاهەنگ بەڕێوەدەچێت
03:43 - 27/12/2021
"زەمەن"
قائیمقامى هەولێر رایدەگەیەنێت؛ لە شەوى سەرى
ساڵدا لە هەولێر لە دەیان شوێن ئاهەنگ سازدەکرێت و پێشبینى دەکەن (200) هەزار
گەشتیار رو لە شارەکە بکەن، دەشڵێت: لە کاتژمێر (06:00)ى ئێوارەى رۆژى
(31/12/2021)، ئەو شوێنانەى خواردنەوە کحولییەکان دەفرۆشن دادەخرێن.
نەبەز عەبدولحەمید قائیمقامى قەزاى ناوەندى هەولێر، لە
کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا، ئامادەکارى و پلانەکانیانی بۆ شەوى سەرى ساڵ
خستەڕو و رایگەیاند: هیچ بۆنە و ئاهەنگێگى فەرمى لە شەوى سەرى ساڵدا لە
هەولێر بەڕێوە ناچێت، بەڵام هاوڵاتیان و هۆتێل و مۆڵەکان ئاهەنگى تایبەت ئەنجام
دەدەن و لە دەیان شوێن ئاهەنگ بەڕێوەدەچێت.
ئەوەشى خستەڕو کە پێشبینى دەکەن بۆ شەوى سەرى ساڵ
(200) هەزار گەشتیار رولە هەولێر بکات.
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، قائیمقامى هەولێر
وتى،" لەپێناو سەلامەتى هاوڵاتییان، لە کاتژمێر (06:00)ى ئێوارەى رۆژى
(31/12/2021)، ئەو شوێنانەى خواردنەوە کحولییەکان دەفرۆشن دادەخرێن، تا رۆژى
دواتر".
لەبارەى ئامار و داتاکانى قائیمقامییەتى هەولێر لە
ساڵى (2021)دا، نەبەز عەبدولحەمید ئەوەى خستەڕو کە لە مساڵدا (18) تۆن دەرمانى
قاچاغ و ماوەبەسەرچوو دەستیبەسەرداگیراوە و لەناوبراون و (592) شوێنى سەرپێچیکاریش
داخراون و (81) کەس بەهۆى سەرپێچییەوە بە بڕیارى دادگا بەندکراون.
ئاماژەى بەوەشکرد، هەر لە (2021)دا، (381) تۆن
خۆراکى ماوەبەسەرچوو دەستیبەسەرداگیراوە و لەناوبراون و بە بڕی زیاتر لە (350)
ملیۆن دیناریش سزاى سەرپێچیکاران دراوە.
لەلایەن لیژنەکانى نەهێشتى زێدەڕۆیى لە سنورى قەزاى
هەولێریش (767) شوێنی زێدەڕۆیى تێکدراون و (180) شوێنیش کە کارەباى نایاساییان
راکێشاوە، کارەباکەیان بڕدراوە و لێپێچینەوەیان لێکراوە و (23) ئامێرى هەڵکەندنى
بیرى نایاسایش دەستیبەسەرداگیراوە.
لەبارەى دیاردەى سواڵکردن و فێڵکردن لە هاوڵاتیان،
قائیمقامى هەولێر وتى: (420) منداڵ کە تەمەنیان لە خوار (14) ساڵیەوە بووە لەو
ساڵەدا هێنراونەتە قائیمقامییەت و بەڵێننامە بە کەسوکاریان پڕکراوەتەوە کە بەکار
نەهێنرێن بۆ سواڵکردن، (74) هەرزەکارى تەمەن (14 بۆ 17) ساڵیش ناچارکراون بە
سواڵکردن و بەڵێننامەیان پێ پڕکراوەتەوە. جگە لەوە (370) کەسیش بەهۆى فێڵکردن لە
هاوڵاتیان و هەڵخەڵەتاندنیان دەستگیرکراون.